کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی پارلمانی سوید بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە

09:54 - 21 بانەمەڕ 2723

نوینەرانی پارلمانی سوید، گەڵاڵەی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەیان سەبارەت بە بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە و زیادکردنی سپا بە لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان، پەسەند کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ٣٤٩ نوێنەری پارلمانی سوید، گەڵالەی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپای پەسەند کرد و داوایان لە دەوڵەتی وڵاتەکەیان کرد کە هەموو هەوڵێک بدات کە یەکیەتیی ئورووپا سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بخاتە نێو لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

 هەرلەم پێوەندییەدا "مارکۆس ویکێڵ"، نوێنەری پارلمانی سوید، دەنگی ئەرێنیی هەموو پارلمانتارانی سەبارەت بە تێرۆریست ناوبردنی سپای پاسدارانی بە مێژوویی ناو برد.

ئەو نوێنەری پارلمانی سوید لە توێتێکدا نووسی: ئێستا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران و بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و مافە تاکەکەسییەکانی خەڵکی ئێران هەوڵ دەدەین.

ئازادە ڕەجحان، نوێنەری بە ڕەچەڵەک ئێرانیی پارلمانی سوید لەم پێوەندییەدا وتی: بە پەسەندکرانی ئەو گەڵاڵەیە، دەوڵەتی سوید ئەرکدار کراوە کە هەموو هەوڵێک بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بدات.

جێگەی ئاماژەیە کە سوید ٥٠ ڕۆژی دیکە سەرۆکایەتیی دەورەیی یەکیەتیی ئورووپا وەئەسۆ دەگرێت.