کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دەریای عەماندا دەست بەسەر بارێکی هێرۆئینی ئێراندا گیرا

12:57 - 21 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە دەریای عەماندا دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە کە لە بەندەری چابەهار لە ئێران وەڕێ کەوتبوو و بە بەهای ٨٠ میلیۆن دۆلار هێرۆئینی پێ بووە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش بارێک بە بەهای سی ملیۆن دۆلار مادەی ''مێتامفتامین و هێرۆئین'' لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دەستی بەسەردا گیرا کە لە بەندەری چابەهار لە ئێرانەوە وەڕێ کەوتبوو.

لەمبارەوە فەرماندەیی ناوەندیی هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاند، کێشی ئەو بارە هێرۆئینەی کە لەم دواییانەدا دەستی بەسەردا گیرا، هەزار و ٩٦٤ کیلۆگرەمە. هەروەها بارێکیش که له مانگی مەی له ئاوه نێودەوڵەتییەکاندا دەستی بەسەردا گیرا، ٥٨٠ کیلۆگرەم مادەی مێتامفتامین و ٣٥ کیلۆگرەم هێرۆئینی تێدا بووه.

شایانی باسە کە یەکەکانی دەریایی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢، دەستیان بەسەر چەندین باری مادەی هۆشبەر بە بەهای کۆی گشتی یەک میلیارد دۆلاردا گرتووە، هەروەها ئەو مادە هۆشبەرانەی کە ئەمساڵ دەستیان بەسەردا گیراوە، بەهاکەی بە زیاتر لە ٢٥٠ میلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

قاچاخی مادەی هۆشبەر لە ئێرانەوە بۆ ناوچەکە و جیهان، تەنیا بە پشتیوانیی تەواوی سپای تێرۆریستی پاسداران جێبەجێ دەکرێت و بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر، هەمیشە لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران بووە.