هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بانگهێشتی فەرمیی بەڕێز مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی بارزانیدا کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢١ی بانەمەڕ، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی بارزانی لە دەڤەری بارزان بەشداریی کرد.
لەو ڕێوڕەسمەدا، بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عەبدوللەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە دەیان شاندی باڵای نێوخۆیی و بیانی، لەوانە باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشدار بوون.
ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی، کاتژمێر ١٠ی بەرلەنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە پێشوازی لە میوانەکان دەستی پێ کرد کە وێڕای پێشکەشکردنی وتاری بەڕێز کاک مەسعوود بارزانی، چەند بەرپرسێکی دیکەی عێراقیش وتاریان پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕێورەسمی کردنەوەی یادگەی بارزانیدا، هەیئەتی حیزبی دێموکرات وێڕای گشت بەشداران، سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد.