کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی ١٢ ڕێکخراوی نێونەتەوەیی سەبارەت بە دانانی نوێنەری کۆماری ئیسلامی وەک بەرپرسی کۆڕی کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

11:47 - 22 بانەمەڕ 2723

گرووپێکی پێکهاتوو لە ١٢ ڕێکخراوی نێونەتەوەیی مافی مرۆیی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانی و بەداخبوونی خۆیان لەبارەی دانانی ''عەلی بەحرەینی''، نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەکوو بەرپرسی کۆڕی کۆمەڵایەتیی ئەو ڕێکخراوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ڕاگەیاند.

ئەو گرووپە ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە بە سەرنجدان بە پێشینەی کۆماری ئیسلامی لە بواری مافی مرۆڤ، پێدانی ئەو بەرپرسیاریەتییە بە ئێران، یەکپارچەیی ئەو کۆڕە و سیستمی مافی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.

ئەو ڕێکخراوە مافە مرۆییانەی ئێرانی و نێونەتەوەیی جەختیان کردەوە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، ماوەیەکی زۆرە لە تێکنۆلۆژییەکان بۆ چاوەدێری و سانسۆرکردن، یەک لەوانە سنووردارکردنی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیارییەکان و چاوەدێری بەسەر ئاڵوگۆڕی زانیاری، کەڵکیان وەرگرتووە.

بە وتەی ئەو گرووپە، دانانی عەلی بەحرەینی، سووکایەتییەکی سەرسووڕهێنەر بە هەموو ئەو قوربانییانەیە کە مافە بنەڕەتییەکانیان وەکوو مافی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی کۆبوونەوەیان لەلایەن ڕیژیمی ئێرانەوە پێشێل دەکرێت.

ڕێژیمی ئێران ماوەی دەیان ساڵە فەزای مەدەنیی بە سانسۆرکردنی چڕ، دەسبەسەرکردنی خەڵکی ناڕازی و دەسبەسەرکردنی سەرڕۆیانەی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، سەرکوت کردووە. بەڵام ئەوە لە حاڵێکدایە نوێنەری کۆماری ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، بوو بە بەرپرسی کۆڕی کۆمەڵایەتیی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لە کۆتاییدا ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییانە داوای ئەوەیان کردووە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەندام ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی، کۆڕی کۆمەڵایەتیی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گاڵتە بگرێت و ئەو دامەزراوەیە خەوشەدار بکات.