کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارمەتییە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سووریە زیاتر بووە

12:29 - 22 بانەمەڕ 2723

وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بۆ نۆژەنکردنەوە و یارمەتیدان بە گەشەپێدانی ژێرخانە پیشەییەکانی بەرگریی سووریە، ئامادەی هاوکارییە.

ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران لە دیدار لەگەڵ عەبدولکەریم محەممەد ئیبراهیم، بەرپرسی ستادی ئەرتەشی ڕێژیمی سووریە لە تاران وتی، کۆماری ئیسلامی بە هەمان شێوە کە لە ساڵانی پێشوو پشتی سووریەی گرتووە، ئێستاش ئامادەیی ئەوەی هەیە تواناییەکانی خۆی لە ڕاستای نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی ژێرخانە پیشەییەکانی بەرگریی سووریە بەکار بێنێت.

هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران لەژێر ناوی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بۆ بومەلەرزەلێدراوانی سووریە، لە ڕێگەی فڕۆکەی بارهەڵگرەوە چەکوچۆڵێکی زۆری بۆ ئەو وڵاتە ناردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو چەکوچۆڵە بریتی بوون لە کەرەستەی پێشکەوتووی پێوەندیگرتن، سیستمی ڕاداری، کەرەستەی یەدەکی بۆ نۆژەنکردنەوەی سیستمی پەدافەندی هەوایی ئێران لە سووریە.

لەلایەکی دیکەوە چەند بەرپرسی ئەمریکا گەڵاڵەیەکیان بۆ گەمارۆدانان لەسەر چالاکییە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی خستووەتە ڕوو.

ئەو چەند بەرپرسە بە نیازن هەتا پێش لە کۆتاییهاتنی گەمارۆوە مووشەکییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی کۆماری ئیسلامی لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، گەمارۆی نوێ لەلایەن ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دژی بەرنامەی مووشکی و دڕۆنیی ئێران دابنێن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریە لە ساڵی ٢٠١١، پشتیوانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد بووە و لەو ماوەیەدا جگە لەوەیکە بە دەیان میلیارد دۆلاری لەو وڵاتە خەرج کردووە، بە سەدان ئەندامی سپای پاسدارانیش لە سووریە کوژراون.