کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگادارییەک لەلایەن ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە

00:34 - 23 بانەمەڕ 2723

هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!
خەڵکی پێشمەرگەخۆشەویستی کوردستان!

لە درێژەی پیلانگێڕییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدژی حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەکانی کوردستاندا، ڕێژیم پیلانێکی نوێی بەدەستەوەیە کە پێویستە ئێوەی بەرێزی لێ ئاگادار بکەینەوە.
ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە پیلانی نوێیاندا بە جێبەجێ‌کردنی سیناریۆیەک دەیانەوێ سیمای پاک و شۆڕشگێڕانەی پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی کوردستان لە بەرچاوی خەڵکی کوردستان خەوشدار بکەن. پیلانەکەش کە پێی زاندراوە ئەوەیە کە دەیانەوێ جاش و بەکرێگیراوەکانی خۆیان لە سپای پاسداران و ئیتلاعات بە جلوبەرگی خاکیی پێشمەرگانە و بە کارتی پێناسی پێشمەرگە و ئارمی حیزبی  دێموکراتەوە، بنێرنە شار و گوندەکانی کوردستان و بە ناوی پێشمەرگەوە دەست بکەن بە ئەزیەت و ئازاری خەڵک. بەپێی ئەو بەرنامە ڕێژیم دەیهەوێ لە ڕێگای مۆرەکانی خۆیەوە وێڕای بێڕێزی بە خەڵک بەزۆر پووڵیان لێ بستێنێ و فیلم و وێنەیان لێ هەڵگرێتەوە و بە پێشاندانی فیلم و سێناریۆیەکانی سیمای پێشمەرگە و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی ئێوەی پێ خەوشدار بکات.
ئەگەرچی خەڵکی کوردستان لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا زۆر جار هەوڵی نەزۆکی لەو چەشنەیان لەلایەن ڕێژیمەوە دیوە و بە هەموو نیاز و مەبەستە چەپەڵەکانی ڕێژیم دەزانن، بەڵام پێویستە ئەم جارەش خەڵکی پێشمەرگەپەروەری کوردستان و بیروڕای گشتی ئێران لەو پیلانەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم ئاگادار بکەینەوە.
لە هەواڵ و سێناریۆیەکی دیکەدا ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیم بڵاویان کردۆتەوە کە زەبریان لە تیمێک لە تێکۆشەرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات داوە و چەند کەسیان شەھید و ئەوانیتریان دەسبەسەر کردووە. لەو پێوەندییەشدا پێویستە ڕابگەیەنین،کە ئەو هەواڵە لە بنەڕەت‌ڕا درۆیە و مەبەستی ئەمنییەتیی دیکەی لە پشتە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلات
٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی