کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی خەڵکی بانە لەهەمبەر داگیرکردنی مڵک و ماڵەکانیان لەلایەن ڕێژیمەوە

09:59 - 23 بانەمەڕ 2723

خەڵکی شارەکی قورعانی بانە، لەهەمبەر داگیرکردنی مڵک و ماڵەکانیان لەلایەن ڕێژیمەوە، بە ڕێپێوانێکی هێمنانە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب گەیشتووە، ڕۆژی هەینی ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، خەڵکی شارەکی قورعانی بانە لە ڕێپێوانێکی هێمنانەدا، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە هەوڵەکانی فەرمانداری ڕێژیم لە بانە و خۆفرۆشانی خۆجێیی ئەو شارە دەربڕی کە دەیانەوێت دەست بەسەر مڵک و ماڵەکانیاندا بگرن.

هەوڵەکانی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بۆ داگیرکردنی مڵک و ماڵی خەڵک لە کاتێکدایە کە مڵکەکانی شارەکی قورعانی شاری بانە چەندین ساڵە بەڵگە و تاپۆیان هەیە.

مافیاکانی زەوی لە بانە بە هاوکاریی فەرمانداری ڕێژیم لەو شارە و کۆمەڵێک لە خۆفرۆشەکان، دەیانهەوێت دەست بەسەر زەوی، مڵک و ماڵی خەڵکدا بگرن و خەڵک بە هەموو شێوەیەک بەرەوڕوویان بوونەتەوە.

لەمبارەوە پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاند کە خەڵک بۆ پێشگرتن لە داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن فەرمانداری ڕێژیمەوە، زەوییەکانیان خەندەقبەندی کردووە و ڕێگە نادەن زەوییەکانیان بکەوێتە بەردەست ئەو ناوەندەی ڕێژیمەوە.

ئەو زەوییانەی کە ڕێژیم هەوڵ دەدات دەستیان بەسەردا بگرێت، زەویی کۆمەڵێک بنەماڵە بوون کە لەلایەن دادگای ڕێژیم لە سنە ئەو حوکمەیان بۆ دەر کراوە کە ئەو زەوییانە موڵکی دژبەرانی ڕێژیم بوون.