کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ڕەوەندی کوردی لە ئۆتریش

10:19 - 23 بانەمەڕ 2723

کۆبوونەوەی هاوبەشی ڕەوەندی کوردی لە ئۆتریش لەگەڵ خاتوو بێریڤان ئەسلان، نوێنەری حیزبی سەوزەکان، بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی محەممەد فەقێ عەلی، بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئۆتریش، کۆبوونەوەی ڕەوەندی کوردی لەگەڵ بێریڤان ئەسلان، نوێنەری حیزبی سەوزەکان و پارلمانتار لە پارلمانی ئۆتریش، لە شاری ڤییەن بەڕێوە چوو.

سەرەتا بێریڤان ئەسلان، باسێکی کورتی لە پێوەندی لەگەڵ کار و تێکۆشانی خۆی سەبارەت بە پرسی کورد پێشکەش کرد و لە باسەکەیدا ئاماژەی بە دوو خاڵی گرینگ دا، وەکوو بەفەرمیناسینی ژینۆسایدی هەڵەبجە و ئیزەدییەکان لەلایەن پارلمانی ئۆتریشەوە لەسەر داواکاریی ئەو لە ڕابردوودا.

ناوبراو لە درێژەدا باسێکی لەسەر ئەرکی کۆمەڵگەی کوردی لە ئۆتریش بە گشتی و حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بە تایبەتی، لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد و مافی هاووڵاتییانی کورد لەو وڵاتە، پێشکەش کرد.

بێریڤان ئەسلانی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: من لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئێمە پێویستمان بە گرووپێکی کاری بۆ کوردە و ئەو گرووپە لەو بارەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، بەڵام بۆ گەیشتن بەو مەبەستە پێویستمان بە پاڵپشتیی ڕاستەقینەی کوردستانییان لە وڵاتی ئۆتریشە.

پاشان بەشداربووانی کۆبوونەوەکە چەند پێشنیارێکیان وەکوو هەوڵدان بۆ وەگەڕخستنەوەی دادگای ئۆتریش لە پێوەندی لەگەڵ دۆسیەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی خستە بەر باس.