دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن ئێن" ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و جەختی کردەوە کە "هێرشە قورس و سەرەکییەکان هێشتا دەستیان پێ نەکردووە و بەم زووانە دەست پێ دەکەن."
ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا پلانی هەیە هاوکاریی گەلانی ئێران بکات بۆ وەرگرتنەوەی وڵاتەکەیان لە دەستی دەسەڵاتدارانی ئێستا، بەڵام لە ئێستادا داوای لە خەڵک کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە، چونکە دۆخی دەرەوە سەلامەت نییە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە تا ئێستا ٤٩ کەس لە بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی لە ئەنجامی هێرشەکاندا کوژراون.
سەبارەت بە تێوەگلانی وڵاتانی تری ناوچەکە، ترامپ وتی کە سەرەتا بڕیار بوو شەڕەکە سنووردار بێت، بەڵام ئێستا هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە پێداگری دەکەن کە بچنە نێو مەیدانی شەڕەکەوە.