(پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)
هاونیشتمانییانی خۆشەویست!
خەڵکی ئازادیخواز و خۆڕاگری کوردستان!
لە ساتەوەختێکی مێژووییدا بەرەو ساڵی نوێ دەچین. لە دۆخێکداین کە بنەماکانی دەسەڵات و بونیادی سیاسی، ئەمنی و ئایدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی و داڕمان. ساتەوەختی گۆڕانکاری و بەیەکگەیشتنی کۆمەڵێک قەیران و تەنگژەی کەڵەکەبووە بە کۆمەڵیک ڕەهەند و ڕووداوی نێوخۆیی و دەرەکییەوە.
ساڵی ١٤٠٤ بە ساڵی هەرەسهێنانی ئەو کۆشکە وەهمییە دادەنرێت کە ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی بۆ چەندین دەیە بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و خۆسەپێنی خۆی سازی کردبوون. ئەم قۆناغە تەنیا گۆڕانکارییەکی سیاسیی ئاسایی نییە، بەڵکوو دەرەنجامی کەڵەکەبوونی قەیرانە پێکهاتەییەکانی ڕێژیمێکە چیتر توانای وەڵامدانەوەی بە هیچکام لە پرسە هەستیارەکانی سەردەم نەماوە. لەم کاتەدا کە ڕێژیم لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراوە و لەژێر هێرش و تەوژمی هەمەلایەنەدایە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و نەتەوە بندەستەکانیش بۆ داڕشتنەوەی قەوارەی سیاسیی جوگرافیای سیاسیی ئێران لە بەردەم دەرفەتێکی مێژووییدان.
لە ڕەهەندی سەربازییەوە، شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ڕێژیم و ئیسرائیل جێی سەرنجە. ڕێژیمێک کە بۆ دەیان ساڵ سامانی وڵاتی بۆ پڕۆژەی "هەناردەکردنی شۆڕش" و ڕێکخستن و تەیارکردنی گرووپە نیابەتییەکان و کاروباری تێرۆریستی تەرخان دەکرد، لە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆدا نیشانی دا تەنانەت لە پاراستنی ڕێبەران و ناوەندی بڕیاردانی خۆی دەستەوەستانە. تێکشانی یەکجارەکیی سیستەمی بەرگری و کوژرانی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و زانایانی ئەتۆمی، هاوسەنگیی هێزی بە زیانی ئەم ڕێژیمە گۆڕی. بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لە لایەن ئەمریکاوە و قبووڵکردنی ئاگربەست بێ هیچ دەستکەوت یان ئیمتیازێک، نیشانەکانی شکستێکی گەورە و بۆشاییەکی ئەمنییەتی و هەواڵگری بوو.
دوای ئەم شکستە گەورەیە، ڕێژیم لە جیاتی ئاوڕدانەوە لە ژیان و گوزەرانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، پەنای بۆ "ئابووریی سەرکوت" برد؛ زیادکردنی بودجەی دەزگا ئەمنییەتی و هەواڵگرییەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو، لە کاتێکدا قەیرانی ئابووری و هەژاری و بێکاری گەیشتبووە لووتکە، نیشاندەری ئەوە بوو کە پاراستن و مانەوەی ڕێژیم تەنیا ئەولەوییەتی ڕێژیمەکەیە. دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی، بووە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە مانگی بەفرانباردا. ئەم ڕاپەڕینە کە لە شێوەی مانگرتن و خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەریی سەرشەقامەکاندا هەموو ئێرانی گرتەوە، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرای نێوان خەڵک و دەسەڵات بوو. لەم نێوەدا، دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، بە بێبەزەییانەترین شێوەی مومکین، دەستیان دایە کوشتن ، بریندارکردن و و زیندانیکردنی دەیان هەزار کەس لە خۆپیشاندەران.
ڕووداوێکی گرینگی دیکەی ساڵی ١٤٠٤ لە یادەوەریی کوردستانیاندا، مانگرتنی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشدارییان لەم مانگرتنە بۆ مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان بە تایبەت لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان و هەروەها پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران، دەستکەوتێکی سیاسی کوردستانیان بوو. ڕۆژهەڵاتی نیشتمان یەکپارچە و یەکدەنگ، ئەو پەیامەی بە کۆماری ئیسلامی گەیاند کە بەرانبەر بە ڕەشەکوژی و کوژرانی ڕۆڵەکانی کوردستان بێدەنگ نابێت. دوابەدوای ئەم ڕەشەکوژییە و بە هۆی ئەم سەرکوتانەوە بوو کە یەکیەتیی ئەوروپاش بڕیارێکی مێژوویی دەرکرد و سوپای پاسدارانی خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە. کاراکردنی "میکانیزمی ماشە" لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، هەنگاوێکی دیکە بوو کە ڕێژیمی بردە قۆناغێکی نوێوە. ڕێژیم کە بەردەوام پشتی بە ستراتیژیی کڕینی کات بەستبوو، خۆی لە نێو گێژاوێکی یاساییدا بینییەوە. ئەمە تەنیا گەمارۆیەکی ئابووری نەبوو، بەڵکوو کۆتاییهاتن بە دەرفەتی دانوستان لەگەڵ ڕێژیمێک بوو کە وەک کارەکتەرێکی نابەرپرسیار لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا چاوی لێ دەکرێت. ئەم گۆشەگیرکردنە، ناڕاستەوخۆ زەمینەی بۆ گوشاری زیاتر بۆ سەر ڕێژیم فەراهەم کرد، کە دواجار بە هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا کەوتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
کرانەئامانجی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی سیاسی و فەرماندە پلەبەرزەکان، لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی، رێبەری رێژیم دۆخی سیاسی وئەمنیی کۆماری ئیسلامی بردە قۆناغێکی نوێترەوە. خامنەیی وەک کۆڵەکەی سەرەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گێژاوێکدا کە بۆ خەڵکی ئێران و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێکهێنابوو، تێداچوو. کەسێک کە تەمەنێک لەنێو خەیاڵ "قووڵایی ستراتیژی" و "بەرەی مقاوەمەت" و "وەهمی ئەتۆمیدا" ژیابوو.
ئەم شەڕەنگێزیەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەموو لێکەوتە و ئاسەوار و کاولکارییەکانی بەردەوامە، بەڵام ئەوەی لە یادەوەری و زەینی خەڵکدا دەمێنێتەوە، نە سەرکەوتن و نە بەرگری ڕێژیمە؛ بەڵکوو شكست و داڕمان وئاوابوونی دەسەڵاتێکە کە هەر لە سەرەتاوە دروشمی شەڕ و سڕینەوە و مەرگ و نەمانی بۆ ئەوانی ترهەڵگرتبوو.
ئێران لە بەردەم گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراودایە. داهاتووی ئەم وڵاتە لە دەستی ئەو نەتەوە بندەستانەدایە ساڵانێکە بۆ ژیان، ئازادی و کەرامەت و مافەکانیان ڕاپەڕیون. پرسی سەرەکیی گەلانی بندەست لەم جوگرافیایەدا، گرێدراوی پرسی نەتەوەیی و داڕشتنەوەی ئێرانێکە کە تێیدا بابەتی "ناوەند و پەراوێز" کۆتایی پێ هاتبێ و هەمووان وێڕای پاراستنی ناسنامە و جیاوازییەکانیان، لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنیدا وەک یەک بەشدار بن. نەریتی ناوەندگەرایی کە ستراتیژیی پاراستنی دەسەڵاتی ناوەند و یەک لەوان کۆماری ئیسلامی بوو، شکستی هێناوە و نەتەوەکان لەوە گەیشتوون کە مافی دیاریکردنی چارەنووس و جێگیرکردنی سیستمێکی فیدراڵ، دەستەبەری سەقامگیری و پێکەوەژیانی دڵخوازانە و ئاشتییانە دەکات. لەم نێوەدا، کوردستانی ئێران بەهۆی وشیاریی سیاسی و هەبوونی بزووتنەوەیەکی ڕەسەن و ئەزموونی ڕێکخستن و کۆمەڵگەیەکی پێشەنگ و خەباتکار، لەم گۆڕانکارییانەدا هێزێکی شوێندانەرە. ئێمە وەک هێزە کوردستانییەکان، ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ هەر جۆرە هاوکاری و تێکۆشانێکی هاوبەش لەگەڵ نەتەوە بندەستەکان و ئازادیخوازانی ئێرانی دەربڕیوە کە ببێتە هۆی خێراکردنی پرۆسەی ڕووخانی ڕێژیم و جێگۆڕکێکردنی بە سیستمێکی فیدراڵ و دیموکراتیک کە تێیدا مافی نەتەوەیی، پرسی دێموکراسی، یەکسانی و ئازادییەکان، دانی پێدانرابێت.
ڕوو لە جەماوەری تێکۆشەری ڕۆژهەڵات و هەموو نەتەوە بندەستەکان و هەموو ئازادیخوازانی ئێران دەکەین و دەڵێین ورە و ئیرادەی پۆڵایینی ئێوە لەم ساتەوەختەدا، لە هەموو کاتێک زیاتر دەور دەبینێت. ئەرکی مێژوویی هەموو تێکۆشەران، لایەنە سیاسییەکان و ئازادیخوازانە کە بە یەکگرتوویی و وشیارییەوە خۆیان بۆ ساتەکانی ڕووخانی ڕێژیم وقۆناغی دواتر ئامادە بکەن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم گۆڕانکارییانە، پێداگری دەکاتەوە لەسەر گوتاری کوردستانی و هاوخەباتی و لەم بارەوە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی لەبەر چاوە.
لە پەیوەندی لەگەڵ نەورۆز، کە بە هیواین نەورۆزی ڕزگاری بێت، ئەم بۆنەیە هەموو ساڵێک ئێمەی کورد دەباتەوە بۆ ڕاپەڕینێکی نەتەوەیی دژی چەوساندنەوە و، بڵێسەی ئاگر دەبێتە نیشانەی سەرکەوتن بەسەر تاریکاییدا و مژدەی سەرکەوتن و ئازادیمان پێ دەدا. لێرەوە، پیرۆزبایی جێژنی نەورۆز دەڵێم بە هەموو ئێرانیەکانی ئازادیخواز، کوردستانیانی خۆڕاگر، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، هێزی بەهێزی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان.
بە هیوای سەرکەوتن
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
مستەفا هیجری
نەورۆزی ١٤٠٥ی هەتاوی