کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری شەڕی ئەمریکا: ئەمڕۆ بەهێزترین هێرش دەکرێتە سەر ئێران

17:15 - 28 رەشەمه 2725

وەزیری شەڕی ئەمریکا هەواڵی ئەنجامدانی بەهێزترین هێرشەکانی دژی ئێران ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە هاوتەریب لەگەڵ ئامانجە سەرەتاییەکان و بێ گۆڕانکاری بەردەوامن.

پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەمە ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئەم وڵاتە لە چوارچێوەی ستراتیژیە پێشوەختە دیاریکراوەکاندا، هێرشی بەرفراوانتری دژی ئێران دەست پێکردووە و ئەمڕۆ بەهێزترین هێرشەکان دژی ئێران ئەنجام دەدرێن.

بە وتەی ناوبراو، تا ئێستا نزیکەی ٧ هەزار ئامانج لە نێوخۆی ئێراندا هێرشیان کراوەتە سەر و زیاتر لە ٤٠ کەشتیی مینڕێژکەر و ١١ ژێردەریایی کراونەتە ئامانج.

ئەو بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: "ئامانجەکانمان کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆککۆماری ئەمریکا دیاری کراون، ڕێک هەمان ئەو شتانەن کە لە ڕۆژی یەکەمدا هەبوون."

هێگسێت جەختی کردەوە کە ئامانجەکانی ئەم ئۆپراسیۆنە بریتین لە: لەنێوبردنی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک، لاوازکردنی ژێرخانی بەرگری و ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و ئەم ئامانجانەش هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە هیچ خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی ئەم شەڕە بوونی نییە.

وەزیری شەڕی ئەمریکا لە بەشێکی تری قسەکانی ئەمڕۆیدا وتی، فەرماندەیی سپای پاسداران ئێستا بووەتە ئەرکێکی کاتی.