کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی نەورۆزیی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

17:58 - 28 رەشەمه 2725

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

ئازادیخوازان و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی!

نەورۆز بۆ کورد هەر وەرزی نوێبوونەوەی سروشت نییە، بەڵکوو ڕەمزی خەبات و خۆڕاگری، هەستانەوە و ژیانەوەیە. بۆنە نەورۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمێژساڵە دەرفەتێک بووە بۆ بە گژداچوونەوەی سیاسەت و نەریتەکانی کۆماری ئیسلامی و هەموو ساڵێ خەڵکی کوردستان بە هیممەتی چیایی و خۆڕاگریی ئازایانە و لەبڕاننەهاتوویان چۆکیان بە خواست و ئیرادەی ڕێژیم داداوە. دەسکەوتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەڕێوەبردنی بۆنە نەورۆزییەکان گرینگ و بەبایەخ بوون، دەسکەوتێک کە ئاکامی خەبات و بەربەرەکانییەکی بەردرێژ و کۆڵنەدەرانەی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیەکانیەتی کە لەبەرانبەر هیچ چەشنە زەبروزەنگ و سەرکوت و بەکارهێنانی هەر جۆرە سیاسەت و پیلانێکی کۆماری ئیسلامیدا سەریان نەوی نەکردوە و کۆڵیان نەداوە.

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

ڕۆژەکانی کۆتایی ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕێ دەکەین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاگری شەڕێکی ناوچەیی هەڵگیرساندووە. پێش ئەو شەڕەش هەزاران خۆپێشاندەری ناڕازیی لەسەر شەقامەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران کوشت و هەزاران هەزار کەسی دیکەشی خستە بەندیخانەوە. ئەوە لە تەنیشت بەردەوامیی لە پێشێلکاریی سیستماتیکی هەموو مافە سیاسی، نەتەوەیی و مەدەنییەکانی کورد و بەوەش ژیانی کوردی لە سەر خاک و نیشتمانی خۆی کردووەتە دۆزەخ. هەر ئێستاش کە لە سۆنگەی سیاسەتە چەوتەکانی، و پاڵپشتی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی و هەڵگرتنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچە و جیهان شەڕێکی گەورەی هەڵگیرساندووە؛ ڕۆژانە بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مووشەک و دڕۆن بەئامانج دەگرێ؛ بەو مەبەست و خەیاڵەی ڕێی خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگارییان لێ بەربەست بکات. بە دڵنیاییەوە ئەو هێرشانە دوا پەلەقاژەکانی ڕێژیم لە قۆناغی سەرەمەرگە و نەک نیشانەی بەهێزبوون بەڵکوو سەلمێنەری زەبوونی و داماوییەتی.

نەورۆزی ئەمساڵ بۆ خەڵکی کوردستان مزگێنیدەری سەرکەوتنێکی گەورەیە. لە لایەک حیزبە خەباتکارەکانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سیاسیدا هێز و وزەی خەباتگێڕێیان ڕێک‌خستووە، لە لایەکی دیکەش هەموو چین‌وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە تایبەت ژنان بە لێبڕاوی و شێلگیرییەوە پشکی زیاتریان خستۆتە سەر خەرمانی دەسکەوتی خەباتی مافخوازانەمان.

لە بەرەبەری نەورۆزدا جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە  نە مووشەک‌باران و تێرۆر و، نە هیچ چەشنە گوشارێکی سیاسی و ئەمنییەتی و تەنگ‌پێ‌هەڵچنین پێ بە هەنگاوەکانمان شل ناکا. هەروەها بە یەکڕیزی و هاوپەیمانیی سیاسیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پێ دەنێینە قۆناغێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی پێکەوەییمان کە ئاسۆکانی سەرکەوتنمان بۆ نیزیکتر و ڕوونتر دەکاتەوە.

وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ لە خەڵکی کوردستان و نوێکردنەوەی پەیمانی وەفا لەگەڵ شەهیدانی کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی ئەمدواییانەی ڕاپەڕینی بەفرانبار لە کرماشان و ئیلام و ناوچەکانی خوارووتری کوردستان و هەروەها هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی داوا لە خەڵکی کوردستان بە هەموو چین‌وتوێژەکان دەکەین لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان دژ بە کۆماری ئیسلامی بەردەوام و لە قۆناغی هەستیاری ئێستادا پارێزەری دەسکەوتەکانی خەباتی دەیان ساڵی ڕابردوومان بن.

لە نەورۆزی ئەمساڵدا پەیمانی خەبات و خۆڕاگری نوێ دەکەینەوە، بە سەردانی بنەماڵەی شەهیدان یاد و ناوی ڕۆڵە جوامێرەکانی نیشتمانمان بەرز ڕادەگرین و بە پێداگری لەسەر ڕوحی یەکگری و هاوپەیمانیمان بەرەو لوتکەی سەرکەوتن هەنگاو دەنێین.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

نەورۆزی ١٤٠٥ی هەتاوی به‌رامبه‌ر به‌  ٢٧٢٦ی کوردی