کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی لە شارەکانی کوردستان

10:55 - 23 بانەمەڕ 2723

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی بانە، پیرانشار، بۆکان و مەهاباد بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لۆگۆی حیزب و هەروەها دانانی وێنەی دوکتور قاسملوو، چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی، ٢١ و ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارەکانی بانە، پیرانشار، بۆکان و مەهاباد چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد و لەگەڵ ڕێبازی پڕسەروەریی شەهیدانی حیزب و گەل، پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە بەرزاییەکانی گوندی خەجەک سەر بە شاری بانە، بە هەڵکردنی لۆگۆی حیزب و دانانی وێنەی ڕێبەری ناوداری کورد دوکتور قاسملوو، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ حیزب دووپات کردەوە.

هەروەها ڕۆژی هەینی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پیرانشار لە سەیرانگای بادیناوێ و کەمەربەندیی کۆنەخانێ، بە هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لەلایەکی دیکەوە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد لە ناوچەی مەنگوڕایەتی لەسەر لووتکەی شاخی ''قەڵاتی شا'' و هەروەها لە بەرزاییەکانی گوندی ''قزڵجەی سەرێ'' سەر بە ناوچەی مەحاڵ بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دانانی ئارمی حیزبی دێموکرات و جامانە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە شاری بۆکانیش، ئەندامانی حیزب و لاوانی شۆڕشگێڕ و بوێری ئەو شارە لە شاخەکانی بۆکان بە جامانە و خوێندنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی کوردستان، بە تایبەتی شەهیدانی شۆڕشی ژینا دووپات کردەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سپاس و دەستخۆشی لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی لە نێوخۆی وڵات، هیوای بەردەوامبوونیان لە ئەرکە حیزبی و نیشتمانییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازێت.