لە درێژەی کار و چالاکییەکان بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی سمایل شەریفزادە و ڕۆژی خوێندکاری کورد، ئەویندارانی ڕێگەی ئازادی و سەربەستی لە شاری سنە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
ڕۆژی دووشەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی، ئەندامانی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان و ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، یادی شەهید سمایل شەریفزادە و ڕۆژی خوێندکاری کوردیان بەرز نرخاند.
ئەو شوێنانەی کە لە شاری سنە چالاکیی تێدا بەڕێوە بریتین: شەقامی چوار باخ، بانکی میللی، شەقامی ئەدەب، شەریفاوا، مزگەوتی ئەدەب، ساڵۆن تختی، پیر محەممەد، گوڵشەن، تەپەی بەهار مەست، ۲۸ی دەی، کانی کووزەڵە، فەرجە و عباس ئاوا.
شەهید سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی لە ساڵەکانی ٤۷ -١۳٤٦ی هەتاوی، لە بەربەرەکانێ لەگەڵ ڕێژیمی پاشایەتیی ئێران، ڕۆڵێکی گرینگ و شوێندانەریان لە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا گێڕاوە.
بەهۆی شوێندانەری و پێگەی بەرزی شەهید سمایل شەریفزادە، ناوبراو وەکوو سیمایەکی خوێندکاری لە جووڵانەوەی نەتەوەیی- دێموکراتیکی کوردستاندا ناسراوە و ساڵیادی شەهیدبوونەکەی وەک ڕۆژی خوێندکاری کورد ناودێر کراوە.