کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیسبوونی گوماناویی ئاوی خواردنەوەی شاری بەدرە و ژەهراویبوونی لانیکەم ١۵٠ هاووڵاتی

10:19 - 26 بانەمەڕ 2723

بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی ماڵانی شاری بەدرە سەر بە پارێزگای ئیلام، لانیکەم ١۵٠ هاووڵاتیی ئەو شارە کە نیشانەگەلی ژەهراویبوونیان هەبووە، بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بە هۆکاری پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی ماڵان لە شاری بەدرە سەر بە پارێزگای ئیلام، لانیکەم ١۵٠ کەس لە دانیشتووانی ئەو شارە کە نیشانەگەلی ژەهراویبوونیان هەبوون و گومان دەکرێت ژەهراوی بووبێتن، بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و ژەهراویبوونی هاووڵاتییانی شاری بەدرە ڕۆژی دووشەممە ٢۵ی بانەمەڕ هەر بەردەوام بووە و تاکوو ئێستاش هۆکار و سەرچاوەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە دیار نییە.

سەرەڕای بەدواداچوون و باسکردنی ئەو کێشەیە لەلایەن خەڵکی شاری بەدرە لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کە لەم بارەیەوە نامە و ڕاپۆرتی تایبەت بە بەرپرسانی ئەو دامودەزگا حکوومەتییانە لەو شارە دراون، بەڵام تا ئێستاش خەڵک هیچ وەڵامێکیان لەو پەیوەندییەدا وەرنەگرتووە و بەرپرسان و دامودەزگا حکوومەتییەکان هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەریی ئەو کێشە مەترسیدارە نەداوە.