کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ١٢ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران و کوردستان

10:28 - 26 بانەمەڕ 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ١٢ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران و کوردستان بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ١٢ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتیی کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی دێهلوڕان، بەڕێوە چوو.

لەم پێوەندییەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدام لە بەردەم بینای دەزگای قەزایی ڕێژیم لە تاران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدام و خەڵکی ناڕازیی شاری ئیسفەهان لە بەردەم بەندیخانەی دەستگرد لە ئیسفەهان، بەڕێوە چوو.

هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی ئیدارە موخابراتی پارێزگاکانی خووزستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، خوراسان، مەشهەد، لوڕستان، سنە و ئیسفەهان لە بەردەم بینای ئیدارەی موخابراتی پارێزگاکان، بەڕێوە چوو.

لەلایەکی ترەوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەندامانی تەعاونی مەسکەنی سەرچاوە سروشتییەکانی فارس و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هونەرمەندان و مۆسیقاژەنانی خەڵکی تاران لە بەردەم ماڵی مۆسیقا لە تاران، بەڕێوە چوو.

شایانی باسە کە کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی "ئەی‌جی‌سی" لە دەشت عەباسی دێهلوڕان، بۆ ٢٦ـەمین ڕۆژی بەردەوام مانگرتنی گشتییان بەڕێوە برد.