کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای قەزایی ڕێژیم لە ماوەی سێ ڕۆژدا، ١٤ بەندکراوی لەسێدارە داوە

11:05 - 26 بانەمەڕ 2723

لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەوە تا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ١٤ کەس لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێراندا لەسێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی ئێران، دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی سێ ڕۆژدا، ١٤ بەندکراوی لە بەندیخانەکان لەسێدارە داوە و بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بانەمەڕ لە بەندیخانەکانی میناب و بەندەرعەباس، ٥ کەس بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەسێدارە دراون.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە بەندکراوێکی دیکە لە بەندیخانەی فەرەیدوونکنار لە پارێزگای مازەندەران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بانەمەڕ دوو کەس لە بەندیخانەی ڕێژیم لە شاری سنە و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٣ی بانەمەڕ، ٦ کەس لە بەندیخانەی کرمان لەسێدارە دراون.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە بەندیخانەکانی ئێران زۆر بە خێرایی ڕوو لە هەڵکشان بووە و لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی مافی مرۆیی هێرانا ڕایگەیاندووە کە لە ٨ی بانەمەڕەوە تا ١٩ی بانەمەڕ، زیاتر لە ٥٧ بەندکراو بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا ٧٣ کەس لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە لە بەندیخانەکان لەسێدارە دراون.