کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: ئەگەر کێشە و گرفتەکانی خەڵک بە دەسبەسەرکردن چارەسەر دەبێت، دەتوانن هەموومان دەسبەسەر بکەن

12:24 - 12 بانەمەڕ 2723

مەولەوی عەبدولحەمید، لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا ڕایگەیاند: ناڕەزایەتیی کرێکاران بەهۆی دۆخی نالەباری ژیانیانەوەیە و ئەگەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێیان وایە کە دەسبەسەرکران و زیندان چارەسەری کێشە و گرفتەکانی خەڵک دەکات، ئەوە دەتوانن هەموومان دەسبەسەر بکەن.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی مزگەوتیی مەککیی زاهیدان، لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەشێک لە مامۆستایانی ئایینیی بەلووچستان و بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە سەبارەت بە دۆخی ئێستای کرێکاران و بنەماڵەکانی ئێران ڕایگەیاند کە دۆخی ژیان لە ئێراندا لەوپەڕی خراپیدایە و کرێکاران، بەشێکی سەرەکیی کۆمەڵگەن کە زیاتر لە هەموو توێژێک ڕووبەڕووی دۆخی نالەباری گرانی و نەبوونی دەبنەوە.

مەولەوی عەبدولحەمید ڕوو بە کاربەدەستانی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکران و بەندکرانەکاندا ڕایگەیاند: "ئەگەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێیان وایە کە دەسبەسەرکردنی خەڵک و ناڕازییان چارەی کێشەکانی خەڵک دەکات، دەتوانن هەموومان دەسبەسەر بکەن. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە کێشە و گرفتی خەڵک بە دەسبەسەرکران و سەرکوت چارەسەر نابێت."

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە گشتپرسییەکەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: "لەگەڵ گشتپرسی و ڕیفراندۆمیش دژایەتی دەکەن چونکە دەزانن وڵامەکەی چییە. گوێ بە داوای خەڵک نادەن و خۆتان چاک ناکەن! تاکە ڕێگە ئەوەیە کە ڕێز بۆ خەڵک دابنێن و گوێ بە داخوازیی خەڵک بدەن چونکە گرینگترین شت لە وڵاتدا خەڵکن. لە ئێستادا خەڵک یەکگرتووتر لە پێشوون و ئەوەش ترسی خستووەتە دڵی ئێوە."