کەریم پەرویزی
سەردەمانێک لە دەیەی ٧٠ی زایینی لە سەدەی پێشوودا، مارکسیزمی ڕووسی لە لووتکەی دەسەڵاتداری و هێژموونیی جیهانیدا بوو. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتیش ئەو ئیدئۆلۆژییە ڕووسییە، بەتەواوی زاڵ بوو بەسەر بیرکردنەوەی لایەنە سیاسییەکاندا. هەرچەند بەو بیرکردنەوەیان دەگوت خەتی چەپ یان بەگشتی بە چەپ ناسراو بوو، بەڵام زۆرتر لەوەی چەپ و یەکسانیخواز بێ، ڕووسی و پابەندی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیە بوو.
لەو دۆخە زاڵەدا دوکتور قاسملوو ویستی حیزبی دێموکرات لەژێر باری قورسی مارکسیزمی ڕووسی و خەتی توودەیی دەرباز بکا و هزر و سیاسەتێکی کوردستانی دابڕێژێ و هەر بۆیە ئیدەیەک بەناوی سۆسیالیزمی دێموکراتیکی هێنا کە بتوانێ لە ڕوانگەی کوردستانەوە لە سیاسەت و تێکۆشانی سیاسی بڕوانێ. هەروەک خۆی لە کورتەباسدا دەڵێ، بۆ ئێمە سەربەخۆیی سیاسی لە هەموو شت گرنگترە، ئامادەین لەپێناوی سەربەخۆیی سیاسیدا واز لە دۆستایەتی بێنین بەڵام ئامادە نین لەپێناو دۆستایەتیدا واز لە سەربەخۆیی سیاسیمان بێنین. خەتی فیکریی دوکتور قاسملوو گەڕان بەناو ئیمکانەکاندا بوو تاکوو بە هونەری سیاسی، درگایەک بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەکەی بدۆزێتەوە بەڵام پێوەری سەرەکی بۆ ئەو، ڕوانگەی کوردستانی بوو و هەر بۆیەش لەژێر هێرشی چەندلایەنەدا بوو.
ڕۆژی یەکشەمە ١٤ی مەی ٢٠٢٣ی زایینی، هەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسساز لە تورکیە بەڕێوە چوو. لەو هەڵبژاردنەدا هەم سەرۆکایەتیی کۆماری و هەم بۆ پارلەمانی کێبەرکێ بەڕێوە چوو کە یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی ساڵ لە ناوچەکە بوو. گرنگیی ئەو هەڵبژاردنە لەو بوارەدا بوو کە دوای گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستمی سیاسی لە تورکیە لە پارلمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی، دووهەمین دەوری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوە دەچوو و تێیدا لایەنی ئۆپۆزیسیۆن هەموو هەوڵیان ئەوە بوو کە بە سەرکەوتن لە هەڵبژاردن بەقەولی خۆیان کۆتایی بە دەورانی دەسەڵاتداریی ڕەجەب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیە و سەرۆکی حیزبی داد و گەشە بێنن.
ئەم هەڵبژرادنە کە دوای چەند سال گۆڕانکاریی قووڵ لە تورکیە و دوای چەندین پرسی گرنگی وەکوو پرسی شەڕی نیزامی لە کوردستانی تورکیە، پرسی پاشەکشەی ئابووریی تورکیە و پرسی شەڕی سووریە و ئاوارەکان و پرسی بوومەلەرزەی کوردستانی تورکیە و هەروەها چەندین پرس و کێشەی دیکە بەڕێوە دەچوو، وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان دەبینرا کە تێیدا دەرەتان بۆ ئۆپۆزسیۆن دەبینرا کە خۆیان بە براوەی هەڵبژاردن دەربخەن.
کۆمەڵگای تورکیە بە شێوەیەکی بێوێنە دابەش بووە و زۆر دیار و تەنانەت ڕادیکاڵێش بەرەوە دووقوتبیبوونی سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتیش دەڕوا و هەر ئەم ڕەوتە خۆی لە هەڵبژاردنیشدا نیشان دا و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ١٤ی مانگ کۆتایی نەهات و ئاکامەکەی کەوتە دەوری دووهەم.
لە ڕاستیدا کۆمەڵگای تورک لە وڵاتی تورکیە بە ڕادەیەکی بەرچاو بۆتە دوو بەرەوە و قەڵشێکی گەورەی تێ کەوتووە و ئاماری دەنگەکان نیشانیان دا کە تا ڕادەیەک نزیک لەیەک بوون هەرچەند دەنگەکانی ڕەجەب ئەردۆغان نزیک بە ٤،٥٪ لە دەنگەکانی کەماڵ ئوغڵوو زۆرتر بوو.
دابەشبوونی کۆمەڵگای تورکیە وا دەڵێ کە لە دەوری دووهەمیشدا دەنگەکان نزیک لە یەک دەبن و هەرکامەیان سەرکەوتووی هەڵبژاردنی دەوری دووهەم بن، قەیرانی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتیان لەبەردەم دەبێ چونکە نزیک بە نیوەی کۆمەڵگا دەنگی پێ نادەن!
لەم هەڵبژاردنەدا هەرچەند تا ڕادەیەک دەنگەکانی ئەردۆغان کەمی کردبوو، بەڵام حیزبەکەی واتە داد و گەشە دووبارە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بۆتەوە بە حیزبی یەکەمی پارلمان و ئەوەش نیشان لە مەیدانداریی چەند ساڵی دیکە لەلایەن ئەو حیزبەوە دەبێ.
ئەوەی لەو نێوەدا پێویستە ئاماژەی پێ بکەین ڕۆڵی کورد و کوردستانی تورکیەیە.
هەرچەند حیزبێکی دیار و ڕەسمی بەناوی کوردستان و بەناوی کوردەکانەوە بەشداری نەکرد، بەڵام حیزبی چەپی سەوز ئەو حیزبەیە کە لەلایەن هەدەپەوە پشتی گیرا و لەڕاستیدا هەدەپەی بەشدار لە هەڵبژاردن بوو.
ئەم حیزبە بەنیسبەت هەڵبژاردنی پیشووی پارلمانییەوە دەنگەکانی کەمی کرد و ژمارەی پارلمانتارەکانی لە پارلمان کەمتر لە دەوری پێشوو دەبێ و ئەمە خۆی پرسیارێکی گەورەیە لەبەردەم ئەم حیزبەدا.
کەمکردنی دەنگی حیزبی داد و گەشە یان باشتر بڵێین دەنگنەهێنانەوەی ئەردۆغان لە دەوری یەکەم شتێکی سەیر نییە، چونکە دوای چەندین ساڵ دەسەڵاتداری، پرسە گەورەکان کێشەن و دەنگی دەسەڵاتدار کەم دەکەنەوە، چونکە بەرپرسیارە بەرامبەر بە کەموکۆڕیەکان، بەڵام حیزبێک کە لە ئۆپۆزیسیۆنە و دەبێ هەڵەی دەسەڵاتداران زۆرتر بقۆزێتەوە و دەنگەکانی زۆرتر بکا، بەڵام وا دەرنەچوو!
بۆیە لەسەر شانی ڕێبەرانی ئەو ڕەوتە سیاسییەیە کە بزانن لە کوێی سیاسەتە کوردستانییەکانیاندا هەڵەیان کردووە؟ بۆیەش دەڵێم هەڵە لە سیاسەتە کوردستانییەکانیان چونکە ئەوان تەنیا بە ناوی کوردستان و کوردیەوە دەناسرێنەوە و پێناسەیان و کرداریان لەو چوارچێوە مانا دەگرێ نەک وەکوو حیزبێکی تورکیەیی. ڕەوتەکانی دیکە هەن کە خاوەندارەتیی پرسە تورکیەییەکان دەکەن و لەو مەیدانەدا ئەمان ناتوانن خاوەنی پرسەکە بن. گەر بەو ڕوانگەیەوە وەکوو خاوەنداری لە پرسی تورکیەیی، لە چنینی سەر مێزی سیاسەتیان ڕوانیبێ، لەوێدا هەڵەکەیان دەستی پێ کردووە.
لە پرسی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیەدا، ڕەوتی کوردیی هەدەپە یان بڵێن حیزبی چەپی سەوز، لە ڕوانگەی دژایەتیی ئەردۆغانەوە، یان لایەنگری و پشتیوانیی کەماڵ قلیچداریان کرد یان بۆ دەرەتان دان بەو، کاندیدی خۆیان نەبوو و بە لایەنگرانیان وت کە دەنگ بە دژبەری ئەردۆغان بدەن.
دیاریکردنی ڕێڕەوی سیاسی بۆ ڕەوتی سیاسی و حیزبی سیاسیی وڵاتێکی دیکە یان بەشێکی دیکە لە کوردستان ئەستەم و دژوارە و هەر بەشەو تایبەتمەندیی خۆی هەیە کە چالاکانی ئەو بەشە خۆیان باشتر لەو دۆخەی تێدان تێدەگەن و دەتوانن بڕیاردەر بن لەو بارەوە.
بەڵام لە کێشەیەک کە لە کۆمەڵگای تورکیەدا هەیە و دوو بەش بوون یان دابەشبوونی تێدا هاتۆتە ئاراوە، باشتر وایە حیزبی چالاکی کوردی لەو بەشەدا لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و سیاسەتی کوردستانییەوە بڕوانێتە دۆخەکە و هەوڵی جێگیرکردنی بەشێک لە مافەکانی کورد لەو بەشەدا بدا تا ئەوەی کە لە گۆڕەپانی ئەوانی تردا یاری بکا و دژایەتی یان دۆستایەتیی کەسێک و لایەنێک تەنیا لەبەر ئەو کەسە و کەسانە بکا.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتیدا، کەسێک بەناوی سینان دەنگی سێهەمی هێناوە و بۆتە خاوەنی ٥٪ی دەنگەکان.
لە دابەشبوونی دەنگی کۆمەڵگای تورکیەدا، نەک ٥٪ بەڵکوو ١٪ یش دەتوانێ چارەنووسساز بێ و هەر بۆیە سینان هەر لە ئێستاوە بۆ دەوری دووهەم مەرج بۆ کاندیدەکان دادەنێ و دەڵێ مەرجەکانی جێبەجێ بکەن تاکوو دیاریی بکا کە بە کام لادا دەکەوێ!
سیاسەتی لایەنی کوردی پێویستە کە لەسەر ئەساسی کوردستانیبوون، هەوڵ بدا لە ئیمکانەکان بۆ گەیشتن بە مافەکان کەڵک وەربگرێ. سیاسەتێکی دروست کە دەتوانێ یارمەتی بە بەرەوپێشچوونی پرسی کورد بکا هەر وەک دوکتور قاسملوو دەڵێ، سیاسەتێکی سەربەخۆیە کە لەپێناوی مافی نەتەوەییدا هونەری سیاسی وەگەڕ بخا. هاوپەیمانی یان دەنگدان بە لایەنێک باشتر وایە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێک بکرێ کە لانیکەم یەک هەنگاو لە گەشەی سیاسی و چەسپاندنی مافی کورددا بچێتە پێشتر لە قۆناخی ڕابردوو، نەک هەموو دەنگەکان لەپێناوی دووشەقبوونی گۆڕەپانی سیاسیدا ببەخشرێن و دەسکەوتی نەبێ.
وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین