کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆتریش؛ ناودێرکردنی شەقامێک بە ناوی "ژینا ئەمینی"

13:11 - 26 بانەمەڕ 2723

شەقامێک لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش بۆ هەمیشە بە ناوی ''ژینا ئەمینی''، کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵەی خەڵکی سەقز کە لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژرا، ناودێر کرا.

مارینا هانکە، ڕاوێژکاری شارەوانیی شاری ڤییەن لە ئەندامانی حیزبی سوسیال- دێموکراتی ئۆتریش ڕایگەیاند کە بۆ هاوپێوەندی لەگەڵ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، شەقامێک لەو شارە بە ناوی ژینا ئەمینی کراوە.

حیزبی سوسیال- دێموکرات و شارەوانیی ئۆتریش لە بەیاننامەی خۆیاندا سەرەڕای پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند کە ئەمە یەکەمجارە لە جیهان بە دەنگی ئەندامانی شۆرای شار ناوی ژینا ئەمینی بە شێوەی هەمیشەیی لەسەر یەکێک لە شەقامەکان دادەنرێت.

دوای دەستپێکی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، لە زۆرێک لە وڵاتان وەکوو فەرانسە، کانادا و بێلژیک ڕاگەیەندرا کە چەندین شوێن و شەقام بە ناوی ژینا ئەمینی ناودێر کراوە.

خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، دوای دەسبەسەرکردن و کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادەوە، ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەری هەڵدا و بۆ ماوی نزیک چوار مانگ خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و ئێستاش بە شێوەی جۆراجۆر هەروا بەردەوامە.