کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئازەربایجان ٩ کەسی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ ئێران و پیلاندانان بۆ کودەتا، دەسبەسەر کرد

18:04 - 26 بانەمەڕ 2723

کۆماری ئازەربایجان ڕایگەیاند کە لانیکەم ٩ شارۆمەندی ئەو وڵاتەی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران و پیلاندانان بۆ بەڕێوەبردنی کودەتا و تێرۆر، دەسبەسەر کردووە.

وەزارەتی نێوخۆ، دەزگای ئەمنییەتی و دادستانی گشتیی کۆماری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بانەمەڕ ڕایانگەیاند، کەسانی دەسبەسەرکراو بۆ دەزگای ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران کاریان دەکرد.

ڕێژیمی ئێران و کۆماری ئازەربایجان ماوەیەکی زۆرە پێوەندییەکی ناکۆکیان پێکەوە هەیە؛ ١٠ ڕۆژ لەمەوپێش کۆماری ئیسلامی ٤ دیپلۆماتی ئازەربایجانی لە ئێران دەر کرد. پێش لەوەش کۆماری ئازەربایجان ٤ دیپلۆماتی کۆماری ئیسلامیی لە وڵاتەکەی دەر کردبوو.

لەو بەیاننامەیەدا تاوانی کەسانی دەسبەسەرکراو، پیلاندانان بۆ ڕووخاندنی دەوڵەت بە شێوەی توندوتیژانە و تێرۆی کەسایەتییە بەرچاوەکان و بەرپرسانی باڵا، ڕاگەیەندراوە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە کۆماری ئازەربایجان کەسانێک بە تاوانی هەوڵی توندوتیژانە بە ئامانجی ڕووخاندنی دەوڵەت دەسبەسەر دەکات. شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان لەو وڵاتە دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە ئازەربایجان مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ ٦ شارۆمەدنی خۆی بە تاوانی هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کرد.

٣ ساڵ لەمەوبەر، لە دوای شەڕی قەرەباغ، پێوەندیی کۆماری ئازەربایجان و ڕێژیمی ئێران تووشی کێشە بوو و دواتر ڕێژیمی ئێران بە بەڕێوەبردنی مانۆڕی سەربازی لە نزیک سنووری ئازەربایجان و هێرشی چەکدارانە بۆ سەر باڵوێزخانەی ئازەربایجان لە تاران، پێوەندیی ئەو دوو وڵاتەی گرژتر کردەوە.

لەلایەکی دیکەوە پێوەندیی نزیکی کۆماری ئازەربایجان و ئیسرائیل، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی بە توندی تووڕە کردووە.