کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کۆتایی ساڵی خوێندن لە قوتابخانەی ڕۆژهەڵات و ٢ی ڕێبەندان

13:10 - 27 بانەمەڕ 2723

سەرەڕای تێپەڕینی ساڵێکی ناخۆش بۆ قوتابییانی حیزبی دێموکرات و مووشەکبارانی قوتابخانەی ڕۆژهەڵاتی بنەڕەتی، ئەمساڵیش وەکوو هەموو ساڵێک، قوتابییانی حیزب سەرکەوتووانە کۆتاییان بە ساڵی خوێندنیان هێنا.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی تێکەڵاوی بنەڕەتی و ٢ی ڕێبەندان، ڕێوڕەسمێک لەبەر تەواوکردنی سەرکەوتووانەی ساڵی خوێندن، بۆ قوتابییان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە مامۆستا نەبەز ئەکرەم، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ڕۆژهەڵات لە پەیامێکدا، سەرەڕای ئاماژەدان بە مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و قوتابخانەی ڕۆژهەڵات وتی: لە وەها بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی قوتابخانەکەمانی مووشەکباران کرد، بە هەوڵ و ماندووبوونی حیزب و دایک و باوکی منداڵان و ئەرک وەخۆگری مامۆستایانی دڵسۆزی قوتابخانەکە، ئەمساڵی خوێندن بە شانازییەوە و بە سەرکەوتوویی هەموو قوتابییەکان، کۆتایی پێ ‌هات.

پاشان پەیامی ناوەندی کۆمەڵایەتیی حیزب لەلایەن خاتوو مەحبووبە ئیبتکار، بەرپرسی بەشی پەروەردەوە پێشکەش کرا کە لە بەشێک لەو پەیامەدا بە ئاماژەدان بە هەلومەرجی نالەباری حیزب و مووشەکبارانکردنی بنکە و قوتابخانەی حیزب لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وتی: لەو بارودۆخ و هەلومەرجە سەختەدا بە هەوڵ و هیمەتی حیزب و مامۆستایانی قوتابخانەکە، منداڵانی حیزب توانییان سەرکەوتووانە خوێندنی ئەمساڵی خۆیان تەواو بکەن و سپاس و پێزانینی حیزبی بە مامۆستایانی قوتابخانە ڕاگەیاند.

لە بەشێکی دیکەدا لەوحی ڕێزلێنان لەلایەن بەشی پەروەردەی ناوەندی کۆمەڵایەتیی حیزبەوە پێشکەش بە مامۆستایان کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە پێدانەوەی کارنامە بە قوتابییان، کۆتایی پێ هات.