هەواڵدەریی "وەش" کە ڕاپۆرت و هەواڵەکانی پێوەندیدار بە سیستان و بەلووچستان بڵاو دەکاتەوە ڕایگەیاندووە کە لە ٥ ڕۆژی ڕابردوودا ٢٠ هاووڵاتیی بەلووچ لە ئێراندا ئێعدام کراون.
ماڵپەڕی کوردستان میدیاش ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە شەممەی ڕابردووەوە تاکوو دووشەممەی ئەم حەوتووە، ١٤ کەس لە بەندیخانەکانی میناب و بەندەرعەباس، فەرەیدوونکنار، سنە و کرمان لە سێدارە دراون.
هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی ١١ ڕۆژدا حوکمی ئێعدامی لانیکەم ٥٧ زیندانی لە ئێراندا جێبەجێ کراوە.
ئەم ئێعدامانە هاوکاتە لەگەڵ نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی لێبوردنی نێونەتەوەیی کە نیشان دەدات لە ساڵی ٢٠٢٢دا، سزای سێدارە ٥٣ لەسەد بەرز بۆتەوە کە لەو نێوەدا ئێران لە پاش چین زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی تۆمار کردووە کە ٥٧٦ حاڵەتە و بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢١، ٨٣ لەسەد بەرزبوونەوەی بەخۆوە دیتووە.
پاوانكردن و قۆرخكردنی بەكارهێنانی سزا لە چنگی حكوومەت و یاسادا یەكێک لە دەستكەوتە بایەخدارەكانی مرۆڤ بۆ پێكهێنان و چێكردنی كۆمەڵگایەكی مودێڕن و مافتەوەرە بۆ پێشگرتن لە ملهوڕی و سەرەڕۆیی و لە بەرامبەریشدا پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. لە سەدەكانی نێوەڕاست و كۆمەڵگاكانی پێش مودێڕن، سەرۆکی حكوومەت، پادشا، سەرۆک عەشیرە، فێئوداڵ و ئاغا یان هەر كەسێک كە خاوەن پلە و سامانک بوایە، خاوەنی گیان و ماڵ، یان بە واتایەكی دیكە خاوەنی "ماف"ی ئەوانی دیكە بوو، كە هەر كاتێک ویستبای دەیتوانی گیانیان لێ بستێنێت؛ بەڵام بە هاتنەئارای كۆمەڵگا مودێڕنەكان و پەرەگرتنی وشیاری و زانیاریی مرۆڤ و پێكهاتنی حكوومەت و سیستمی مودێڕن، ئەو "ماف"ە لە تاک و گرووپەكان ئەستێندرا و كەوتە دەستی حكوومەت و یاسا داهێنرا تا دەسەڵاتدارانیش نەتوانن لە جێبەجێكردنی ئەو "ماف"ەدا سەرەڕۆیی بكەن. بەو پێیە سزای ئێعدامی مرۆڤەكان كەوتە بازنەی دەسەڵاتەکانی حكوومەت. دواتر بە چوونەسەری ئاگایی زیاتری مرۆڤەكان و هاتنەئارای ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ، بەڕێوەچوونی سزای ئێعدام لەلایەن حكوومەتیشەوە كەوتە ژێر پرسیار و ئەو پرسیارە هاتە ئاراوە کە حكوومەت كە ئەركی پاراستنی گیان و جەستەی هاووڵاتییانی لە ئەستۆیە، بۆ دەبێ گیانی مرۆڤەكان بستێنێت؟
ئەگەر سزای ئێعدام بە مەبەستی بنبڕكردن یان كەمكردنی تاوان و توندوتیژی بێت، بە بڕوای خاوەنڕایانی وەک كارل ماركس و بێنجامین ڕاش سزای ئێعدام بۆ كونتڕۆڵی تاوان و جینایەت كاریگەریی نییە. سزای ئێعدام لەوانەیە برینی كەسانێک سارێژ یان فیكر و هەستی تۆڵەسەندنەوە هێمن بكاتەوە، بەڵام لەڕاستیدا كێشەیەک لە كۆمەڵگا چارەسەر ناكات.
هەنووكە تەنیا لە ٥٨ وڵات لە جیهاندا سزای ئێعدام دەردەكرێت و بەڕێوە دەچێت و ١٣٩ وڵات بە تەواوی سزای ئێعدامیان هەڵوەشاندۆتەوە.
یەكێک لەو وڵاتانە كە هەنووكەش سزای ئێعدامی تێدا بەڕێوە دەچێت ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری سەدە نێوەڕاستی ئیسلامیی ئێرانە. لەو وڵاتەدا بەڕێوەچوونی سزای ئێعدام نەتەنیا قۆرخكراوی دەسەڵاتدارانی سەرەڕۆیە، بەڵكوو بە شێوەی تاكەكەسیش (قەساس و...) هەر بڕەوی هەیە.
كۆماری ئیسلامی لەو دەگمەن وڵاتانەیە كە بەشێک لە هاووڵاتییانی تەنیا بە هۆی جیابیرییەوە لەژێر ناوی "موحارب" ئێعدام دەكات. ئەو ئێعدامكردنە بەپێی یاسای سزا ئیسلامییەكان دەتوانێت كەسی "موئمن" یا ئیماندار بە شێوەی تاكەكەسی یان گرووپی "موئمنان" یان حكوومەت (یاسای سزای ئیسلامی) بێت. ماددەی ٢٦ی یاسای سزا ئیسلامییەكان بە هەر موسوڵمانێک ڕێگا دەدات كە بە پێی لێكدانەوە و بڕیار و ئیرادەی خۆی لە هەر كوێدا "شەرعەن" بە پێویستی زانی، كەسێک بكوژێت. پێوەری كوشتنی "جیابیر"، زەینییەتی كەسی موسوڵمان و لێكدانەوەی تایبەتیی ناوبراو لە ئیسلامە. هەروەها ماددەی ١٨٤ی یاسای سزا ئیسلامییەكان بە هەر كەس یان گرووپی موئمن و موسڵمان ڕێگا دەدات بۆ لەنێوبردنی "گەندەڵی" دەست بۆ چەک بەرێ و بە چەكی سارد و گەرم و بە فەرمان یان سەرەڕۆیانە، موحاربان یان ناڕازییان و دژبەران كوشتوبڕ بكات و لەلایەن یاساوە پارێزراو بێ و سزا نەدرێ. موحارب بە پێی پێناسەی ماددەی ١٨٣ی یاسای سزا ئیسلامییەكان كەسێكە كە "بۆ پێكهێنانی ترس و تۆقاندن و نەهێشتنی ئازادی و تەناهیی خەڵک دەستی بۆ چەک بردووە". كەس یان گرووپی موئمن بەپێی لێكدانەوە و ئیرادەی خۆیان چەكدار دەبن و یاسا مافیان پێ دەدات دژی "گەندەڵی" خەبات بكەن. ئەوانە ترس و تۆقاندن لە كۆمەڵگادا زاڵ دەكەن و ئازادی و ئەمنییەت لە خەڵک دەستێنن، بەڵام بۆ خۆیان موحارب نین و یاسا پشتیوانییان لێ دەكات. بۆ ئەوەیكە بە لێكدانەوەی خۆیان بۆ پاراستنی بایەخەكانی ئیسلام چەكدار بوون و بە هۆی ئیدئۆلۆژیک بوونیانەوە مافی كوشتنی جیابیرانیان هەیە. بەڵام ئەگەر كەسێكی دیكە چەكی هەڵگرت و كەسیشی ئازار نەدا، دادوەر دەتوانێت حوكمی كوشتنی دەر بكات و كەس یان كەسانی موئمنیش دەتوانن بیكوژن. واتە گیانی هاووڵاتییان لەلایەكەوە لە دەستی هێزی لێكدانەوە و ئیرادەی كەسی موئمن و لەلایەكی دیكەوە لە دەستی دادوەر بە پێی ڕوانین و ڕوانگەی خۆیدایە.
لە كۆماری ئیسلامییدا، "فقها"و "مجتهدان" ئیزنیان پێ دراوە حوكمی كوشتن دەر بكەن، بێ ئەوەیكە پێویستیان بە سەلماندنی دروستی ئەو حوكمە لە بەرامبەر بەرپرسێک یان ناوەندێكی یاساییدا هەبێت. حكوومەتیش بەپێی یاسا دەتوانێت زیاتر لە ٣٠ نموونەی حوكمی كوشتن (ئێعدام، لە سێدارەدان، بەردبارانو...) دەر بكات.
بۆ نموونە بە پێی ماددەكانی ٩٠، ٨٢، ٨٣، ١١٠، ١١١، ١٢١، ١٣١، ١٥٧، ١٧٩، ١٨٣، ١٨٥، ١٨٦، ١٨٧،...، حكوومەتی ئیسلامی دەتوانێت سەبارەت بە ژیان و مەرگی مرۆڤەكان بڕیار بدات. بێجگە لەوانە حكوومەتی ئیسلامی دەتوانێت حوكمی بڕینی دەست و لاق و هەروەها قامچیلێدان و قەساسی تاوانباران دەر بكات.
وەک ئاماژەی بۆ کرا هەنووكە لە زۆربەی كۆمەڵگاكاندا حوكمی ئێعدام بە تەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە بەڵام ئەگەر لە كۆمەڵگایەكی مودێڕندا حوكمی ئێعدام دەربكرێت، بە پێی لێكدانەوەی كەس یا گرووپێک و بەپێی باوەڕ و ڕوانگەی تایبەتی نییە، بەڵكوو بەپێی یاسای پێشكەوتوو و سەردەمیانەی ئەو وڵاتە و پاش تێپەڕینی قۆناغگەلی یاسایی و سەلماندنی تاوان و لە شوێنێكی ئاوەڵا و بە بەشداریی لێژنەی دادوەری و پارێزەر و شاهێدانی بێلایەن، حوكمی ئێعدام بەڕێوە دەچێت.
ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی سەرەڕای واژۆكردنی ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ و كۆنوانسیۆنی مافە سیاسی و ئابوورییەكان و كۆنوانسیۆنی مافەكانی منداڵان، هەنووكە پاش وڵاتی چین، پلەی دووهەمی لە بەڕێوەبردنی حوكمی ئێعدام لە جیهاندا هەیە. ئەو ڕێژیمە تەنیا حكوومەتێكە مێرمنداڵێک كە لە تەمەنی خوار ١٨ ساڵەوە تووشی تاوانێک بووبێت، ئێعدام دەكات. ڕێژیم لە سەرەتای دەسەڵاتدارێتییەوە لەگەڵ تیۆریی ئێعدام لە جیهاندا بووە و حوكمی ئێعدامی بەمەبەستی بەڕێوەبردنی دادپەروەری، ترساندنی تاوانباران، دابینكردنی ئەمنییەتی كۆمەڵگا، هێمنكردنی بیرەوڕای گشتی، ڕێزگرتن لە ژیانی مرۆڤەكان كاریگەر و بە پێویست زانیوە بەڵام لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتدارێتیدا و پەرەپێدانی ئەو فەرهەنگە، شاهێدی بەرهەمهاتنی چەند قاتیی توندوتیژی لە وڵاتداین. بە شێوەیەک كە دەزگای بەناو دادوەری بە ئەركی خۆی زانیوە بۆ ترساندنی تاوانباران لە بەڕێوەبردنی حوكمی چەند جارەی ئێعدام كەڵک وەربگرێت. بەڵام بەپێی ئاماری ڕێكخراوی بەندیخانەكان، هەنووكە بەندیخانەكانی ئێران دووهێندەی ڕادەی هەڵگری خۆیان بەندكراویان هەیە كە ئەوە پیشاندەری بێكاریگەری سیاسەتی پەرەپێدانی فەرهەنگی ئێعدام و توندوتیژیی ڕێژیم لەو وڵاتەیە.
بەگشتی ئەوەیکە ئەمڕۆکە لە ئێراندا دەبیندرێ نەک هەوڵێک بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئەمنییەت بەڵکوو تەقەلایەکە بۆ دامرکاندنی هەستی سادیستی خۆی و هەروەها تۆڵەسەندنەوە لە ئازادیخوازانی سەر شەقام؛ ئیتر لەم نێوانەدا ئەوەیکە گرینگ نییە ئاسەوارەکانی پاش ئەم ئێعدامانەیە لەنێو کۆمەڵگادا.