کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکدانی گڵکۆی شەهید زانیار ئەبووبەکری لە مەهاباد

17:55 - 27 بانەمەڕ 2723

گڵکۆی شەهید زانیار ئەبووبەکری لە شەهیدانی ڕاپەڕین لە مەهاباد، لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییەوە تێک درا.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران ئەسیدیان بەسەر کێلی شەهید "زانیار ئەبووبەکر"دا ڕشاندووە و بەو هۆیەوە بەشێک لە نووسراوەی سەر ئەو کێلە تێک چووە.

شەهید زانیار ئەبووبەکری خەڵکی شاری مەهاباد لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا، ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کرا.

جێگەی ئاماژەیە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان بە هەموو شێوەیەک و لە هەر بۆنەیەکدا لەسەر گڵکۆی شەهیدانی کوردستان کۆ دەبنەوە و یادی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان بەرز ڕادەگرن و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ نوێ دەکەنەوە.

بەرزنرخاندی یادی شەهیدانی کوردستان لەلایەن خەڵکەوە، ڕێژیمی ئێرانی تووڕە کردووە، بەو هۆیەوە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانییەوە هەتا ئێستا لە چەندین شاری کوردستان گڵکۆی شەهیدانیان تێک داوە.