کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆدی غەریبی

09:51 - 28 بانەمەڕ 2723

کەریم پەرویزی

کاتێک ڕاپەڕینی ژینا دەستی پێ کرد و زۆر شوێنی لە جوغرافیای ئێران تەنییەوە و تەنانەت ڕۆیشتە دەرەوەی سنوورەکان و لە زۆر شوێنی دونیا خۆپیشاندان و ڕێپێوانی بەرفراوان بەڕێوە چوون، مێشکی زۆر لێکۆڵەری بە خۆیەوە خەریک کرد و تووشی پرسیاری کردن. پرسیاری سەرەکی ئەوە بوو کە چی ڕووی داوە کە کۆمەڵگا لەم کاتەدا ئاوا بە شێوەی بەرفراوان ڕاپەڕیوە. لە زۆر شوێن کۆڕ و کۆبوونەوە و سێمینار گیرا تاکوو شۆڕشی ژینا پێناسە بکرێ و دەیان وتاری لەسەر درا و لەسەری نووسرا. پرسیاری جۆربەجۆر هاتە ئاراوە و وەڵامی جۆربەجۆریش درایەوە تاکوو شۆڕشەکە و بەستێنی سەرهەڵدانی و هێزە کارتێکەرەکانی بناسرێن. بەڵام بۆ ناسینی ڕاستەقینەی شۆڕشەکە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕەگەکانی ڕووداوەکە و سەرەتاکان، ئەو کاتەی کە لە شەقامەکانی تاران، هێزی داپڵۆسێنەری ڕێژیم ژینا و براکەیان دەسبەسەر کرد. لەوێدا ژینا  و براکەی لەنێو وەنەکە بە هێزەکانی سەرکوتکەری ڕێژیم ڕستەیەکیان وت کە کۆدی سەرەکیی شۆڕشەکە و لە ڕاستیدا پێناسەی کۆمەڵگا و ناسێنەری دۆخی ڕاستەقینەی کۆمەڵگایە.

ژینا و براکەی بە هێزەکانیان وت کە "لێمان گەڕێن، ئێمە لێرە غەریبین!"

غەریبی پێناسەی سەرەکیی خەڵکە لە وڵاتێکی بەڵالێدراوی وەکوو ئێراندا کە ڕۆژانە هەست بە نامۆییەکی سەیر دەکەن لەسەر خاک و لە نێو کۆڵانەکانی ژیانی ڕۆژانەیاندا.

نامۆبوون، ئەو هەست و ڕوانگەیە کە زۆربەی کۆمەڵگا لە ئێراندا خۆیانی پێ پێناسە دەکەن و کە دەچنە بەر ئاوێنە، تەنیا و تەنیا تاکێکی نامۆ دەبینن کە هەست دەکەن لە وڵاتێکی نائاشنا و هەڵەدا لەدایک بوون.

هەستی نامۆیی یان غەریببوونی مرۆڤەکان، هەستێکی کاتی و تێپەڕ نییە بەڵکوو هەستێکە کە بە درێژایی ژیانیان لەژێر دەسەڵاتی سیستمێکی سەرەڕۆ و کۆلۆنیالیستیدا بۆیان دروست بووە و بۆتە پێکهاتەی بوونیان.

بۆیە دەڵێین سیستمی سەرەڕۆ و کۆلۆنیاڵیستی چونکە بەرامبەر بە نەتەوە غەیرە فارسەکان ڕێک وەکوو کۆلۆنیالیستێک هەڵسوکەت دەکا و بەرامبەر بە قەومی فارسیش سەرەڕۆ و دیکتاتۆرە. لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بە دیکتاتۆریەتی لەنێو قەومی فارسدا بدا دەبێ خۆی وەکوو کۆلۆنیالیستێک پێناسە بکا تاکوو بەو بیانووە وە هەر دەنگێکی ناڕازیش لەنێو فارسدا سەرکوت بکا و سۆزی بەشێک لە کۆمەڵگای فارسیش بۆ لای خۆی ڕابکێشێ.

ئەم جۆرە لە سیاسەت و ‌حکوومەتکردنە ساڵانێکی دوور و درێژە پێڕەو دەکرێ و هەموو نەتەوە غەیرە فارسەکانی پێ سەرکوت کراوە و وەکوو بیانی و نامۆ لەم وڵاتە پێناسە دەکرێن.

لە تازەترین نموونەدا، مودیری ئیرشادی پارێزگای ئەهواز، بڕیارێکی ڕاگەیاندوە کە لەسەر دووکان و شوێنی کاسبی و کاری خەڵک نابێ بە زمانی دیکە جگە لە زمانی فارسی شت بنووسرێ و تابلۆکان دەبێ بە زمانی فارسی بن.

لە لێدوانی مودیری ئیرشاددا، کە لە هەواڵدەریی ئیسنا بڵاو بۆتەوە بە شێوەی شۆڤێنیستی باس لە زمانە غەیرە فارسییەکان دەکا و دەڵێ کە لە تابلۆ و سەر درگای شوێنەکان نابێ لە زمانی بیانی کەڵک وەر بگیرێ و دەبێ لە پارێزگای ئەهوازدا تابلۆکانی بە زمانی بیانی کۆبکرێنەوە و بە فارسی بنووسرێن.

ئەم بڕیارە، کە بریارێکی کۆلۆنیالیستی بۆ سڕینەوە و جینۆسایدی زمانی و فەرهەنگی نەتەوە غەیرە فارسەکانە، پێشتر لە کوردستان و لە ئازەربایجانیش جێبەجێ کرابوون و تەنانەت لە تارانیش بڕیاریان دا کە تابلۆ کوردییەکان لەنێو ببرێن و ڕێگا نەدرێ کەس شوێن بە ناوی کوردی لە تاران بکاتەوە.

وەها بڕیارێک کە ئیستە لە پارێزگای ئەهوازیش جێبەجێی دەکەن هەوڵ دەدا کە زمانە غەیرە فارسییەکان بسڕێتەوە ولە ڕێگەی سڕینەوەی زمانییەوە فەرهەنگیش داگیر بکا، تاکوو بە لەنێوچوونی زمانەکانی دیکە زمانی فارسی ببێتە تاکە زمانێک کە لەم وڵاتەدا خەڵک پێی دەدوێن و چەند ساڵی دیکە، شۆڤێنیزمی زاڵ ئیدیعا بکا کە لە ئێراندا جگە لە فارس کەسی دیکە نییە و گەر غەیرە فارسێک هەیە ئەوە وەکوو پەنابەر هاتۆتە نێو ئێران!

ئەمە لە کاتێکدایە کە زمانی فارسی خۆی تێکەڵێکە لە وشە کوردی و عەرەبی و تورکی و بەلووچی و گیلەکییەکان و گەر وشەکانی نەتەوەکانی دیکەی لێ دەربێنی، ڕەنگە قەومی فارس نەتوانن لەسەر هیچ بدوێن و  وشەیان نەبێ ڕوانگەی خۆیانی پێ دەربخەن!

بەوحاڵەشەوە پارێزگاری ئەهواز کە مەئموورێکی ڕیژیمە و بڕیاری سەرەکی لە تارانەوە بۆی دەدرێ، ڕایدەگەیەنێ کە زمانی خەڵکی ئەهواز کە پێی دەدوێن، زمانی بیانی و نامۆیە!

ئەوەی کە نامۆ و بیانییە، نەک زمانی خەڵکی ئەهواز و و کوردستان و ئازەربایجان و ... نییە، بەڵکوو هەستی ئەو خەڵکە بەنیسبەت وڵات و سیستمی دەسەڵاتدار لە تارانە کە خۆیان بە نامۆ و غەریب دەزانن.

سیستمی کۆلۆنیالیستی بەجۆرێک هەڵسوکەتی کردووە و دەیکا کە غەیرە فارس هەستی ئاساییبوون  و ژیانی ئاسایی لەم وڵاتە بۆ دروست نەبێ و لەو کاتەوە کە ڕەزاخانی میرپەنج هەوڵی سڕینەوەی هەموو نەتەوەکانی داوە تاکوو ئێستا، کرداری سیستمی حکوومەتی بەو شێوە بووە کە خەڵکی نەتەوە بندەستەکان چاوڕوانی ئەوە بن کە کەی نۆرەی کوشتار و جینۆسایدی دووبارەیان دێتەوە.

لە بەیانییەکەیدا کە بەناوی کانوونی دژی نەژادپەرستی لە ئێران بڵاو بۆتەوە ، بەرامبەر بەو لێدوانە فاشیستییەی پارێزگاری ئەهواز هەڵوێست گیراوە و تێیدا باس لە ستەمکارییە مێژوویەکان بەنیسبەت خەڵکی ئەو پارێزگا و هەروەها کورد و تورک و بەلووچ و ... کراوەو داوا لە خەڵک دەکا کە بە پاراستنی زمانی خۆیان و دانانی تابلۆ و نیشانەکانی کاسبی بە زمانی عەرەبی ڕێگە نەدەن ئەو سیاسەتەی ڕێژیم جێبەجێ بکرێ.

لەبەرامبەر وەها سیستمێکدا کە لە هەر دەرەتانێکدا پەلاماری کەرامەت و ناسنامەی خەڵک دەدا و هەرەشەی بەردەوامە لەسەر نەتەوە بندەستەکان و چین و توێژە ستەملێکراوەکان، باشترین ڕێگا ئەوەیە کە هەموو ئەوانەی بەجۆرێک لە جۆرەکان هەست بە غەریبی لەم وڵاتەدا دەکەن، پشتی یەک بگرن بە پشتیوانی و هاوپێوەندیی یەک درێژە بەخەباتی بدەن و هەوڵ بدەن بە داڕووخانی سیستمی کۆلۆنیالێستی، داهاتوویەک بونیات بنێن کە ئیدی کەس لەم وڵاتەدا هەست بە غەریبی نەکا و نامۆ تەنیا ئەو کەسانە بن کە دەیانەوێ فاشیزم زیندوو بکەنەوە.

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین