کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵاوی هەشیلان و سەراوی نیلوفەر، مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە

20:05 - 28 بانەمەڕ 2723

یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ژینگەی پارێزگای کرماشان باسی لەوە کردووە کە تاڵاوی هەشیلان و سەراوی نیلوفەر، مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە.

سۆرەیا قوربانی، جێگری ئیدارەی ژینگەی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە کە تاڵاوی هەشیلان و سەراوی نیلوفەری ئەو پارێزگایە، ئەگەری هەیە لە مانگەکانی داهاتوودا وشک بن.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە بوونی بیرەئاوە یاسایی و نایاساییەکانی دەوروبەری تاڵاوی هەشیلان و سەراوی نیلوفەر، وتی: "ئەو بیرە ئاوانە و چەند هۆکاری تر، لە گرینگترین هۆکارەکانی ئەگەری وشکبوونی ئەو دوو ئێکۆسیستمە گرینگەی پارێزگای کرماشانن و پێویستە تا درەنگ نەبووە، هەوڵێکی جیددی بدرێت."

سۆرەیا قوربانی باسی لەوە کردووە کە یەکێکی تر لە هۆکارەکانی دروستبوونی مەترسی بۆ سەر ئەو دوو ئێکۆسیستمەی کرماشان، ڕاگواستنی ئاوی ئەو پارێزگایەیە بۆ ناوچە و پارێزگاکانی تری ئێران.

لەلایەکی ترەوە و لە ئەگەری وشکبوونی تاڵاوی هەشیلان و سەراوی نیلوفەر، ئەو دوو شوێنە دەبنە ناوەندی تەپوتۆز و ئەمە هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر ژینگەی ناوچەکە.

تاڵاوی هەشیلان لە ٢٦ کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژاوای کرماشان و لە گوندێک بە ناوی هەشیلان هەڵکەوتووە و ڕووبەرەکەی ٤٥٠ هێکتارە. هەروەها سەراوی نیلوفەر دەریاچەیەکی سروشتییە و لە ٢٠ کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژاوای کرماشان و لە ناوچەی سەنجابی هەڵکەوتووە.

شایانی باسە کە سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری ژینگە و بەڕێوەبەریی ئاوەوە، کوردستان و ئێرانی تووشی گەورەقەیرانەکانی ژینگە و کەم‌ئاوی کردووە و لە داهاتوودا ئەم قەیرانانە قووڵتریش دەبنەوە.