دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی مەجید کازمی، سەعید یەعقووبی و ساڵح میرهاشمی، سێ خۆپیشاندەری بەندکراو لە ئیسفەهان، خەڵکی شارەکانی کوردستان و ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دروشمدان و سووتاندنی هێماکانی ڕێژیمی ئێران، لەسەر ئیرادەی خۆیان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی جەختیان کردەوە.
ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە بڵاو بوونەتەوە دەریدەخەن کە خەڵکی خۆپیشاندەر لە ئیسفەهان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەسێدارەدانی سێ لاو لە شاری ئیسفەهان، ڕۆژی هەینی ٢٩ی بانەمەڕ، سەرەڕای جێگیربوونی هێزی نیزامی، لە شەقامەکاندا دروشمگەلی ''نەمان بۆ دیکتاتۆر" و "مەرگ بۆ خامنەییـ"ـیان وتەوە.
شەوی هەینی لە شاری تاران خۆپیشاندەران لە گەڕەکەکانی ''سادەقیە، ئێکباتان، سەتارخان، ئاپادانا، پونەک، بلواری فێردەوس، حەوت حەوز و تێهرانپارس''، ڕژانە سەر شەقام و دروشمگەلی ''نەمان بۆ خامنەیی، نەمان بۆ دیکتاتۆر، نەمان بۆ سپاهی و بەسیجی'' و چەندین دروشمی دیکەی دژی بە ڕیژیمیان دا و تووڕەیی خۆیان لەو ڕێژیمە دەربڕی.
لە گەڕەکی سەتارخان بە دروشمی ''وای بەو ڕۆژی چەک هەڵبگرین''، ڕووبەڕووی ڕێژیم بوونەوە.
هەروەها لە کەرج و گەوهەردەشتی کەرەج، خەڵکی خۆپیشاندەر دژ بە لەسێدارەدانی سێ لاوی ئیسفەهانی ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دروشمدان بێزاریی خۆیان لەو ڕێژیمە دەربڕی.
لەلایەکی ترەوە لە شاری بەندەرعەباس و لە چەند گەڕەکی شاری مەشهەد، خۆپیشاندران ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمگەلی ''نەمان بۆ خامنەیی"، "هەتا دیکتاتۆر لەسەر کارە، شۆڕش بەردەوامە'' و "نەمان بۆ خامنەییـ''ـیان وتەوە.
هەروەها لە کوردستان لە شاری مەهاباد، لاوانی شۆڕشگێڕ بە کردنەوەی ئاگری شۆڕش و دروشمدان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دروشمی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ڕژانە سەر شەقام و سەلماندیانەوە، شۆڕش هەروا بەردەوامە و تا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن.