دایە ئایشێ پووریان، دایکی شەهید موراد ئەحمەدی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، دایە ئایشێ پووریان، خەڵکی گوندی کانی سوورکی شنۆ و دایکی شەهید موراد ئەحمەدی، بەهۆی بەساڵاچوویی و نەخۆشییەوە لە گوندی کۆسەکەرێزی مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
جگەرگۆشەیەکی دایە ئایشێ بە ناوی موراد ئەحمەدی کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو، لە ڕێگای ڕزگاریی نیشتماندا شەهید بوو.
هەروەها مێرد و هێوەری دایە ئایشێ بە ناوەکانی محەممەد ئەحمەدی و عەلی ئەحمەدی، لە کوشتارگای کەرێز و دیلان چەرخ، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە شەهید کراون.
شەهید موراد ئەحمەدی کوڕی دایە ئایشێ، دوو مانگ پاش شەهیدبوونی باوکی لە شەڕێکی نابەرابەردا لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەی ئالانی سەردەشت شەهید بوو و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو بوو.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی بۆ کۆچی دوایی دایە ئایشێ پووریان، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.