کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و هەروەها بەشێک لە خەڵکی ئەو شارە، لە ٢٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەنجومەنی سەوزی چیادا، سەردانی گڵکۆی شەهیدانی سەوزیان لەو شارە کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ، کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە و هەروەها بەشێک لە ژینگەپارێزان و خەڵکی مەریوان، لە ٢٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەنجومەنی سەوزی چیادا، سەردانی گڵکۆی شەهیدانی سەوزیان لەو شارە کرد.
ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و خەڵکی مەریوان، بە ئامادەبوون لەسەر گڵکۆی شەهیدانی سەوز، شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ئەو شەهیدانە، لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنەدا لەسەر درێژەدانی ڕێبازی ئەندێشەی سەوز، پێداگرییان کردەوە.
ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی خەڵکیدا، ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی لە مەریوان دامەزرا و لە بواری ژینگەییەوە چالاکە و لە بەفەرهەنگکردنی ژینگەپارێزی لە کوردستان بەگشتی و لە مەریوان بەتایبەتی، ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە و ساڵانە دەیان چالاکیی ژینگەیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبات.