کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاو لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

11:55 - 30 بانەمەڕ 2723

ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوند و ناوچەکانی سەر بە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، پیرانشار، مەریوان و سەقز بە شێوەیەکی بەربڵاو چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا و یادی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سەربەستیی کوردستانیان بەرز ڕاگرت.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە بۆکان و لە چەند شوێنی گەشتیاریی ئەو شارە، ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کرد و زۆربەی تابلۆی ڕێگەی شۆێنە گەشتیارییەکانیان بە دروشمی حیزبی ڕازاندەوە.

ئەو شوینانەی بۆکان کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ''پردی خوڵاماڵی، سێڕێیانی قاڵوێ ڕەسووئاغا و ئاوایی سمبە، نێو ئاوایی قوڵقوڵە، ڕێگای پیربادین، سێڕێیانی ئاواییەکانی یاغیان و گڵۆڵانی سەرێ و خوارێ، کانی درێژ، ڕێگای سڵامەت، سەر پردی ساردەکوێستان و سەیرانگای ساردەکوێستان و جادەی بۆکان و زاواکێو.''

هەروەها لە ناوچەی پیرمحەممەدی بۆکان، ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکرات، لەسەر ویستە نەتەوەییەکانی خۆیان پێداگرییان کردەوە و پێگەی بەرزی حیزبی دێموکراتیان وەک پێشڕەوی بزووتنەوەی نەتەوەیی- دێموکراتیکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشان داوە.

هاوکات لە شاری مەهاباد، ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان، لەسەر گڵکۆی شەهید فایەق مام قادری، کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کرا، ئاڵای کوردستانیان دانا و لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.

هەروەها ئەندامانی حیزبی دیموکرات لە ئاوایی ''وسووکەند'' سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و جامانەی پێشمەرگەوە، چالاکی تەبلیغییان بەڕێوە برد و لە نووسراوەیەکدا ئامادەیی خۆیان بۆ هەر پێشهاتێک و بڕیارێکی حیزبی دەربڕی.

لە چالاکییەکی دیکەدا لە مەهاباد لە ئاوایی ''گاگەش''، ڕۆڵە بوێرەکانی دێموکرات، ئاڵای کوردستانیان لەسەر بڵیندگۆی مزگەوتی ئەو ئاواییە هەڵ کرد و بە داگیرکەرانیان سەلماندەوە هەتا وەدیهاتنی ئامانجە نیشتمانییەکانمان دەست لە تێکۆشان هەڵ ناگرن.

لە پیرانشار، ئەندامانی تێکۆشەری حیزب، لە نزیک پاسگای سنووری بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بەردەوامیی خۆیان لە تێکۆشان لە ڕاستای وەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلی کورد نیشان دایەوە.

هاوکات ئەندامانی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات لە جادەی مەریوان بۆ سەقز، لە گوندەکانی ''ئاگجە و گۆگجە بەرەو قەمچیان''، بە نووسینی دروشمی ''بژی حیزبی دێموکرات" و "ژن، ژیان، ئازادی''، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.