کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: کۆماری ئیسلامی بە هەڵخستنی پەتی ئێعدام ناتوانێ تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە

16:31 - 30 بانەمەڕ 2723

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان!
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ!


هەروەک ڕۆژانە لە میدیاکانەوە دەیبیستین شەپۆلێکی نوێی ئێعدام لە ئێران بەڕێوەیە.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای ساڵی زایینییەوە و لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگی ڕابردوودا لانی‌کەم ٢٦٧ زیندانیی لە بەندیخانەی شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا ئێعدام کردووە کە ٥٥ کەس لەوان کورد و کەمێک زیاتر لەو ژمارەیەش بلووچ بوون.
شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان لە کاتێک‌دایە کە بزووتنەوەی مافخوازانە و ناڕەزایەتیی خەڵک بەدژی کۆماری ئیسلامی لە یەک ساڵی ڕابردوودا گەورەترین قەیرانی شەرعییەتی بۆ ڕێژیمی ئیسلامی دروست کردووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە هەمبەر جووڵانەوەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرەسەندووتری خەڵکی ئێراندا بەتەواوی هەست بە داماوی و دەستەوەستانی دەکات، جارێکی دیکەش بە هەڵخستنی پەتی سێدارە و پێشاندانی سەرکوتی ڕووت و بڵاوکردنەوەی کەشی ترس و تۆقاندن دەیهەوێ بەرەنگاری بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵک بێتەوە.
ئەزموونی پتر لە چل‌وچوار ساڵ حکوومەتی کۆماری ئیسلامی پێمان دەڵێ ئێعدام وەک ئەوپەڕی توندوتیژی، یەک لە هەرە ئامراز و چەکە کاریگەرەکانی دەستی ڕێژیم بووە بۆ کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگە و ڕێگەگرتن و نەهێشتنی هیچ ناڕەزایەتییەک. کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک نیزامێکی سیاسیی توتالیتێر کە بناغەی دەسەڵاتەکەی لەسەر کوشتن و حەزفی فیزیکیی نەیاران و سەپاندنی کەشی سەرکوت و تۆقاندن داناوە، لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا زیاتر لە 60 هەزار کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتەی ئێعدام کردووە کە هەزاران کەس لەوان بەندیی سیاسی بوون. ڕێبەرانی ڕێژیم هەمیشە پێیان وابووە بە ئێعدام و کوشتن و توندوتیژی دەتوانن جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لە پێ بخەن و لە ئێستاشدا کە مەترسیی هەڵچوون و ڕاپەڕینی دووبارەی خەڵک پتر لە هەموو کاتێک هەست پێ دەکا، بە لێبڕاویی زیاترەوە هەموو ئامرازەکانی سەرکوت و یەک لەوان ئێعدام لە دژی خەڵک بەکار دێنی.
بێگومان وەک چۆن سەرکوت و ئێعدام و توندوتیژییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی هەتا ئیستا نەیتوانیوە ئیرادەی خۆڕاگری و خەباتگێڕی خەڵک دژی ڕێژیم بنکۆڵ بکا، لەمەودواش ئەم سیاسەتە دادی نادات.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم‌کردنەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە سیاسەتی ئێعدام و کوشتارەکانی، سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ بۆ بەردەوامیی ئەم جینایەتانەی رێژیم ڕادەکێشێ و داوا دەکا بە خستنەژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی پێشی بەردەوامیی ئەو جینایەتانە بگرن.
 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٢