کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی بەرەی یەکگرتووی کورد سەبارەت بە لەسێدارەدانەکان لە ئێران

10:16 - 31 بانەمەڕ 2723

بەرەی یەکگرتووی کورد سەبارەت بە لەسێدارەدانی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٩ی بانەمەڕ، دەزگای قەزایی ئێران سێ لاوی "خانەی ئیسفەهانـ"ـی، لە کاتێکدا ئەو سێ کەسە بە دەیان جار ڕایانگەیاندبوو کە لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرملێیان لێ ‌وەرگیراوە، لەسێدارە دا.

ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی، هۆکاری سەرەکییە بۆ بێ‌متمانەیی خەڵک بە دەسەڵات و هەروەها سەپاندنی سزای ئێعدام  لە دادگا نادادپەروەرەکاندا و ئازار و ئەشکەنجەی بەندکراوان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ سەلـمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵات بۆ کارانەی دەیهەوێت کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بێنێت و لە گەلانی ناڕازیی ئێران دەترسێت.

بەرەی یەکگرتووی کورد، سەرەڕای مەحکوومکردنی لە سێدارەدانەکان لەلایەن ڕێژیمەوە، ناڕەزایەتیی خۆی سەبارەت بە ڕەوتی نادادپەروەرانەی دەزگای قەزایی ڕێژیم دەردەبڕێت و خۆی بە شەریکی خەمی بنەماڵەی قوربانییان دەزانێت.

لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەی بەرەی یەکگرتووی کورد هاتووە کە ڕێژیمی ئێران، بە زۆر، سەرکوت، ئەشکنجە و لەسێدارەدان ناتوانێت ڕێگە لە گەیشتنی گەلانی ئێران بە ماف و ئازادییەکانیان بگرێت و درێژەدان بە لەسێدارەدانی لاوانی ئێران تەنیا ڕق و بێزاریی خەڵکی ئێران زیاتر دەکات و دەبێتە هۆی ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە.

لە کۆتاییدا ڕاشکاوانە داوا لە دەسەڵات دەکەین لە کۆتا کاتەکانی دەسەڵاتدا دەست لە سەرکوت و سەپاندنی سزای نامرۆڤانەی ئێعدام هەڵگرێت، ئیزنی دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلانی ئێران بدات، مافی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە فەرمی بناسێت.