کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە ژێر چاودێریدا:لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەواڵگریی، چاودێری و سیخوڕیی کەنداو

13:30 - 31 بانەمەڕ 2723

و: کەماڵ حەسەن‌پوور

 

ئەنستیتۆی ناونەتەوەیی لێکۆڵینەوە ستراتێژیکییەکان

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

(تێبینی: ئەو وتارە گوڵبژێری ڕاپۆرتێکی ٣٩ لاپەڕەییە. و.)

بەردەوامی زۆر جار تایبەتمەندییەکی باشە، بەڵام لە ناوچەی کەنداودا ئەوە گیروگرفتیشە. ئێران مەترسیی سەرەکیی ئەمنییەتی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بووە و دەمێنێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە تواناییە هاوبەشەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی تاران بە هۆی نادڵنیاییان لەبارەی هاوکاریی نزیکتر، کورتی دێنێ. چوار دەیە پاش دامەزرانی لە ١٩٨١، ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، هێشتا ماویەتی بەکردەوە ببێتە ئەوەی ناوی نراوە.  

دوودڵی لەمەڕ چالاکیی هاوبەشی بەرگری و ئەمنییەت شتێکی نوێ نییە، بەڵام پێشوەچوونێکی ئەوتۆشی نەکردووە و، لە کاتێکدا ئەوە لەخۆیدا کێشەخوڵقێنە، لەبەر داواکاریی ناوچەکانی دیکە لە وڵاتە یەکگرتووەکان، کە هێشتا دابینکەری سەرەکی ئەمنییەتی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستە، ئاڵۆزتر بووە. ڕەنگبێ واشینگتۆن باسی بەکارهێنانی باشتری هێز بکات، بەڵام ئەوە  بەکردەوە بە مانای کەمکردنەوەی تواناییەکانی لە ناوچەدا بێ، چونکە ئەوان لە شوێنی دیکە پێویستن. لەگەڵ گواستنەوەی تواناییە جەنگییەکان، وڵاتە یەکگرتووەکان هەروەها خەریکی گواستنەوەی جەخت لەسەر ئەوەی هێندێک جار پێی دەڵێن "لەبارکارە بەنرخ و کەم‌ڕێژەکان،" بێ، لە ناویاندا سیستەمی خاوەن سەرنشین و بێ سەرنشینی هەواڵگری، چاودێری و سیخوڕی. کاتێک ناوچەکە لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە پێشتریەتی پێ دەدرا، داواکارییەکان بۆ ئەو جۆرە سیستەمانە بە شێوەی پێویست دابین نەدەکران، تەنانەت بەر لە داگیرکاریی ئۆکراین لەلایەن ڕووسیەوە، قووڵتربوونەوەی کێشەی ئوقیانووسی هیند و ئوقیانووسی ئارام و نیگەرانییەکانی پەیوەندیدار بە چین، کە تواناییەکانی دابینکردنی ئەو جۆرە سیستەمانەی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن. جەنگی ئۆکراین تەنیا ئەو گواستنەوەی لە ناوچەی کەنداوەوە خێراتر کرد.

بەداخەوە، پێویستیی چاودێریکردنی ئێران بۆ تێگەیشتنی باشتر لە چالاکییە سەربازییەکانی و یارمەتیدان بۆ هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی پەیوەندیدار بە هەڕەشەکانیەوە، کەمیان نەکردووە. تاران درێژە بە بوونی دوو هێزی سەربازیی دەدا:

هێزی سەربازیی ئاسایی و سوپای پاسداران. هێزی سەربازیی ئاسایی ئەرکی بەرگریی لە یەکپارچەیی خاکە، لە کاتێکدا سوپای پاسداران پارێزەری ڕێژیم و شۆڕشە. سوپای پاسداران کە لە ١٣٥٨ دامەزرا، زۆردەمێکە بەسەر سوپای ئاسایی کە سەردەمێک لە ئایدیۆلۆژیاکەی بەگومان بوون، پێشترییەتی هەیە. سوپای پاسداران بە ئاکاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، توانایی بە تاران داوە تا زەخت بخاتە سەر ناوچە و هەروەها بەرپرسی جبەخانەی هاژەکی زەوی بۆ زەوییە. بەڵام، دووبەشبوونی هێزی سەربازیی ئاسایی و هێزەکانی سوپای پاسداران، لە ڕوانگەی ئابوورییەوە بۆتە هۆی ناکاریگەریی و دووانەیی کە ئەویش بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی سامانی تەرخانکراو بە شیوەیەک کە بێتوو تەنیا یەک هێزی سەربازیی هەبا، ئەوە ڕووی نەدەدا.

سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران، بەرپرسی پشتگیریی لە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی ناوچەیە بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی ڕێبەرانی ئێران. لە دەیەکانی ڕابردوودا، سوپای پاسداران بە سوپای قودسیشەوە، بە شێوەی پەرەئەستێن پشتگیرییان لە سەرکۆمار بەشار ئەسەد لە سووریە، کردووە و چەند فەرماندەی پلەبەرزی سوپای پاسداران لە شەڕی نیوخۆیی سووریەدا کوژراون. لە کاتێکدا سوپای پاسداران پەیوەندییەکی گەلێک نزیکی لەگەڵ ئێلیتی حاکم هەیە، ئەو سوپایە هەمان کەمایەسیی کەرەستەی سەربازیی هەن کە سوپای ئاسایی بەدەستیانەوە دەناڵێنێ. بێجگە لە چەند جۆر هاژەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ڕەقەواڵە سەربازییەکەی دیکەی ماوەبەسەرچوون.

توانایی جەنگی ئاسمانیی ئێران بە فڕۆکەی سوخۆ ٢٢ بەستراوەتەوە. سوخۆ ٢٢ لە بنەڕەتدا لە خزمەت سوپای عێراقی دابوون کە لە ساڵی ١٣٧٠دا بۆ ئێران گوازرانەوە. ئەوان بۆ ماوی چەند ساڵ هەڵگیرابوون، بەڵام لانی کەم بەشێکیان لە ١٣٩٧ بەولاوە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت. سوپای پاسداران کەڵک لە چەند جۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مامناوەند و قورس و هەروەها هێرشبەر، لە ناویاندا جۆرەکانی شاهید ١٢٩ و شاهید ١٣٦ کە هێرشبەری خۆ تەقێنەوەنن وەردەگرێ. ژمارەیەکی زۆر شاهید ١٣٦ دراون بە ڕووسیە کە لە جەنگ دژی ئۆکراین کەڵکیان لێ وەردەگرێ.

هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران هەروەها خاوەنی کەرستەی پارێزگاریی لە ئاسمانە کە وەکو یەکەکانی سوپای پاسداران لە هێزی سەربازیی ئاسایی پۆشتەترە. بەڵام هێزی بەرگریی ئاسمانی، سەرەڕای ئەوە کە لەژێر فەرمانی هێزی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامی‌دایە، کۆنتڕۆڵی هاژەکی زەوی بۆ ئاسمانی دوورمەودا واتە سام-ی بە دەستە. هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران هەروەها هاژەکی رەعد/سێی خوردادیشی هەیە کە سام لە جۆری مەودا مامناوەندە، ئەوە ئەو هاژەکە بوو کە گوایە لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکایی بەرداوەتەوە.

ئەگەرچی ئێران دەستبەجێ دوای دامەزراندنی بەرنامەی هاژەکی بالیستیکی خۆی لە هەشتاکانی زایینیدا تا ڕادەیەکی زۆر پشتی بە یارمەتیی تەکنیکیی دەرەکی بەستبوو، بەڵام هەنگاوی بەرچاوی بۆ گەیشتن بە خۆبژیوی لە ڕێگای وەدەستهێنانی نایاسایی تەکنەلۆژیای هاژەکی و گەشەپێدانی نێوخۆیی هەڵێناون. پێشکەوتنەکانی ئەو دواییانەی بەرنامەی هاژەکی بالیستیکی ئێران دەکرێ لەو خاڵانەدا کۆ بکرێنەوە: جەختکرن لە سەر باشترکردنی توانای پێکاندنی ئامانج؛ گەشەپێدانی ئامرازی گەڕۆکی هاویشتنی هاژەک و هەروەها بنکەی چەقبەستوو؛ بەرهەمهێنانی هاژەکی خاوەن سووتەمەنیی ڕەق بۆ هێزی بەرپەرچدانەوە و دروستکردنی بنکەی خۆڕاگری هاویشتن و پاشەکەوتکردنی ژێرزەوی. مەزەندە دەکرێ ئێران کەڵک لە لانیکەم ٢٠ جۆر هاژەک وەرگرێ و فەرماندەیی ناوەندیی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ٢٠٢٢ ڕایگەیاند ئێران زیاتر لە ٣٠٠٠ هاژەکی بالیستیکی جۆراجۆری بۆ مەودای نزیک، کورت و مامناوەندی هەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئێران خاوەنی کەمتر لە ١٠٠ ئامێری گەڕۆکی هاویشتنی هاژەکی کورت‌ مەودا و ۵٠ ئامێر بۆ هاژەکی مامناوەند مەودایە و هێندێک هەوڵی بۆ بە ستانداردکردنی سەکۆی هاویشتنی چەقبەستوو و گەڕۆکی هاژەکان هەڵێناون.

ئێران هەروەها ئامانجی سەرەتایی بارهەڵگرە ڕۆژاواییەکانی مۆنتاژکراو لەو وڵاتەدا گۆڕیوە، بەتایبەتی مەرسەدێس بێنزی مودێل ٢٦٢٤ و ٢٦٣١، تا بتوانێ لە جبەخانەی هاژەکی بالیستیکیدا کەڵکیان لێ وەرگرێ. بۆ ئەو مەبەستە بەشێک لەو ئامێری گواستنەوانە وەها دروست کراون تا وەک بارهەڵگری مەدەنی بچن، بەڵام دەتوانن ببنە ئامێری ڕاگواستن و هاویشتنی هاژەکی بالیستیک.

بێجگە لە کەڵکوەرگرتن لە ڕاگوێزەر و هاوێژەری سەر جادە بۆ حەشاردان و پاراستنی جبەخانەی هاژیکی بالیستیکییەکەی، ئێران هەروەها چەند پێگەی ڕاگرتن و هاویشتنی ژێر زەوی بەو مەبەستە دروست کردوون. ئەو ڕێکارانە ئیزن بە ئێران دەدەن بتوانێ کەڵک لەو کەرەستانە بۆ بەهێزتر کردن و کەم کردنەوەی مەترسی بۆ سەر هاژەکە بالیستیکییەکانی وەرگرێ و بێتوو بەرهەڵستارێک بیهەوی هێرشیان بکاتە سەر، ناچار دەبێ هێزێکی گەلێک بەربڵاوتر بۆ لەکار خستن و بێکەڵک کردنی پێگە باش پارێزراوەکانی بەکار بێنێ، ئەوە هەروەها توانایی ئێران بۆ هاویشتنی ژمارەیەکی زۆر هاژەک بە دوای یەکتردا بەرز دەکاتەوە و هێزی مرۆیی ئێرانی دەپارێزێ، بێتوو ناوەندی کۆنتڕۆڵ و فەرماندەیی لە شوێنی دوور لەو جێیانە بێ کە هاژەکەکانی لێ دەهاویشترێن.

‌هێزی سەربازیی ئاسایی ئێران وەک پێشدا ئاماژەی پێ کرا ئەرکی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی لە ئەستۆیە و لە دەیەی ڕابردوودا ئەو هێزە لە دەروەی سنوورەکانی ئێران چالاکتر بووە، بە تایبەتی لە سووریە، لە ماوەی شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتەدا. لە ڕوانگەی ڕێژەوە، مەزنترین بەشی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەو بەشەیە کە پشتی بە سەربازانەوە بەستووە و وەک هەمیشە چەک و کەرەستەکانی کۆنن. ‌لە کاتی وەبەرهێنان، هێزی زەوینیی سوپای پاسداران بێگومان پێشترییەتی پێ دەدرێ.

هێزی ئاسمانیی ئاسایی ئێران هێشتا تا ڕادەیەکی زۆر پشت بەو فڕؤکانە دەبەستێ کە لە سەردەمی پاشایەتیدا دابین کراون، بێجگە لە فڕۆکەی شەڕکەری ڕووسیەیی و چینی نەبێ کە لە هەشتاکان و نەوەدەکانی زایینیدا کڕیویانن. ئەو هێزە لە بەراورد لەگەل ‌هێزی ئاسمانیی عەڕەبستانی سعودی و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی لاوازترە، چ بگا بە ‌هێزی ئاسمانیی ئیسڕائیل.

ئێران دوای کۆتاییهاتنی شەڕ لەگەڵ عێراق لە ١٣٦٧، هەوڵی دا وەبەرهێنان لە هێزی فڕۆکە شەڕکەرەکانیدا بکات. لەکیسدانی فرۆکەی شەڕکەر لە کاتی جەنگ، لەگەڵ دژواریی دابینکردنی بەشی یەدەک و پشتیوانیی بۆ فڕۆکە ئەمریکاییەکانی هۆی ئەو بڕیارە بوون. نەبوونی پشتگیریی دارایی و هۆی سیاسی، ئەوی دواتر چونکە هێزی ئاسمانیی ئاسایی لەلایەن بەشێک لە مەلاکانەوە جێگای گومان بوو، بەو مانایە بوو کە تەنیا ژمارەیەکی کەم فڕۆکە لە سەرەتاکانی نەوەدەکانی زایینی لە یەکیەتی سۆڤیەت کڕان. لەو کاتیەوە، هەوڵەکان بۆ هاوردەکردنی فڕۆکەی شەڕکەری ڕووسیەیی شکستیان هێناوە، بەڵام لەوانەیە ئەوە خەریک بێ ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ. دوای دەربڕینی حەزی کڕین بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵ، تاران و مۆسکۆ ڕێککەوتنێکیان بۆ دابینکردنی فڕۆکەی شەڕکەر بۆ هێزی ئاسمانیی ئێران واژۆ کردووە. ئەندامێکی پارلەمانی ئێران بە هەوڵدەریی ناوخۆیی گوتووە کە لە نیوەی دووهەمی ساڵی ٢٠٢٣، هاوردە کردنی فڕۆکەی سوخۆ ٣۵ لە جۆری فلانکەر م. دەست پێ دەکات. ئەوە بەو مانایەیە کە فڕۆکەکان دروست کراون و وێدەچێ ئەو سوخۆیانە بن کە بۆ میسر دروست کرا بوون، گرێبەستێک کە دواتر هەڵوەشایەوە.

ئێران دۆ هێزی دەریایی هەن: هێزێکی ئاساییتر بە ناوی هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە میراتگری ‌هێزی دەریایی سەڵتەنەتییە و هەروەها هێزی دەریایی سوپای پاسداران، کە لە نێوەڕاستەکانی ‌هەشتاکانی زایینی دامەزرا. دەوری ئەو هێزە ئاکامی ڕووداو و ئەو وانانە بوون کە لەو دەیەدا لێوەی فێر بوون، لە کێشە لەگەڵ عێراق و پاشان هەڵسوکەوت لەگەڵ هێزی گەلێک بەتواناتری دەریایی وڵاتە یەکگرتووەکان. ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە بوونە هۆی ویستی بەکارهێنانی ستراتێژییەکی نایەکسان بۆ بەرگریی دەریایی کە هەر دوو هێزە دەریاییەکانی دەگرتەوە، بەڵام زۆرتر بە ڕێبەریی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بووە کە وردە وردە وەپێش هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتۆتەوە.

دەوڵەتی ئێستای ئێران وێدەچێ زۆرتر لە دەوڵەتەکانی پێشوو بیهەوی وەبەرهێنان لە گەشەی تواناییەکانی بۆشایی ئاسمان بکات. ئێران بەدوای هاوبەشی نێونەتەوەییدا، بە تایبەت چین، کۆرەی باکوور و ڕووسیە، گەڕاوە تا پشتگیریی بەرنامەکانی بۆ بۆشایی ئاسمان بکات. وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو بە هەمان شیوە لە بایەخی چالاکییەکانی هەواڵگری، چاودێری و سیخوڕیی لە بۆشایی ئاسمانەوە تێگەیشتوون؛ بۆیە ئیماراتی یەکگرتووی عەڕەبی لە کۆتایی ٢٠٢٠ی زایینی، ساتەلایتی فالکۆن ئای ٢   کە مانگێکی دەستکردی وێنەهەڵگرە، ناردە بۆشایی ئاسمان.

ئەو وێنەگرە ساتەلایتییانەی بۆ ئەو مەبەستە هەڵبژێراون، زۆر جار بۆ وێنە گرتن لە بنکەکانی هەڵکەوتوو لە ناوچە کەنارییەکانی باشووری ئێران تەرخان دەکرێن. ئەوە بەو مانایەیە کە گەلێک لە بنکەکانی جێگای سەرنجی ئێران دەکرێ نە تەنیا لە ئاسمانەوە بخرێنە ژێر چاودێری بەڵکوو لە فڕۆکە و لە هێندێک دۆخدا لە لایەن پلاتفۆرمەکانی هێزی دەریاییشەوە دەبینرێن. کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی بە ساتەلایت، دەتوانێ بە تواناییەکانی دیکەوە زیاد بکرێن تا لە نزیکترەوە و بە شێوەی بەردەوامتر لە فڕۆکە، شوێنی مەبەست لە ژێر چاودێریی بگیرێت.

چالاکییە سەربازییەکانی ئێران، تواناییەکانی و گەشە کردنەکانی، بەردەوام سەرەکیترین خاڵەکانی جێگای سەرنجی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو و هەروەها هی وڵاتانی دیکەشن کە بەرژەوەندیی ئەمنییەتییان لە ناوچەکەدا هەیە، لەنێویاندا ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشترییەتییەی تاران دەیدا بە جبەخانەی هاژەکی زەوی بۆ زەوی بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی، کۆکردنەوەی زانیاریی لە سەر تەواوی لایەنەکانی هاژەکی بالیستیکی ئەولەوییەتێکی ناوچەییە.

گەرووی هورموز گرینگییەکی فرە ستراتێژیکی بۆ بازرگانی (بە تایبەتی بازرگانیی نەوت) هەیە. ئەوە خاڵێکی لاوازە کە تاران زۆر جار هەوڵی داوە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە یارمەتی لایەنی ناحکوومیی سەر بەخۆی، کەڵکی لێ وەرگرێ.

فڕۆکەی کۆکەرەوەی هەوڵگری، چاودێری و سیخوڕیی ئەمریکایی، هەمیشە داواکارییان لەسەرە و لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ئەو ناوچەیەی پێشترییەتی پێ دراوە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بووە. هاوکات کە هێشتا سەرەکیترین کەرەستەی پێویستە، ئەولەوییەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گۆڕاوە و ناوچەی کەنداو ئێستا دوای ئورووپا و ئووقیانووسی هیند-ئارام، لە پلەی سێهەم‌دایە. وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو ‌هێندێک کەرەستەیان بۆ ئەو مەبەستە هەن، بەڵام تواناییەکانیان لێک جیاوازن.

بەراوردی هەڕەشەکانی ئێران لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە "تەنانەت لە گەڵ هی پێنج ساڵ لەوەپێشەوە" جیاوازە، بە هەڕەشە بۆ سەر ناوچە لە لایەن جبەخالەی هاژەکی بالیستیکی تاران، تواناییەکی هێرشبەرانە کە بە توانایی بنکەکانی پارێزگاریی ئاسمانیی تەکمیل کراون. بەڵام لە هەمان کاتدا، بە گوتەی ژەنڕاڵ ئالێکسوس گ. گرینکەویچ فەرماندەی ناوەندی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، وڵاتە یەکگرتووەکان ناچارە لەگەڵ ئاسەواری کەمبوونەوەی جێگا پێی تواناییە نەریتییەکانی هەوڵگریی، چاودێری و سیخوڕیی، لە ناوچەدا هەڵسوکەوت بکات.

چەند ساڵە وڵاتە یەکگرتووەکان وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو هان دەدا لە تواناییە سەرەکیەکانیاندا، وەک بەرگریی دژی هاژەکی بالیستیکی، کە لەوێدا هەواڵگری، چاودێری و سیخوڕیی دەتوانن یارمەتیدەر بن، هاوکاریی یەکتر بکەن. ئەو داوایە وەڵامی ئەرێنی دراوەتەوە، بەڵام، پێشوەچوونێکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەدیتووە. دە ساڵ دوای دامەزرانی مەکۆی هاوکاریی ستراتێژیک لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، وتووێژەکان لەگەڵ لێدوانەکانی دوای چاوپێکەوتنەکان، کە پێشبینیی بەرەوپێشچوون لەو بوارەدا دەکەن، درێژەیان هەیە.

لە کاتێکدا کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئاستی پلە بەرزەکانەوە درێژە بە لایەنگریی لە هاوکاریی زیاتر لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو دەدا، ئەو ئێستا خەریکە لە ئاستی جەماوەرییدا باسی ئالنگارییەکانی هەواڵگریی، چاودێری و سیخوڕیی لە ناوچەدا دەکات. لەلایەنی ئاسمانەوە هێزی تایبەتیی ٩٩ (TF99)ی ناوەندی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی بە دوای ڕێکاری نوێی کەم تێچوو بە کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ مەبەستی هەوڵگریی، چاودێری و سیخوڕییەوەیە، بەڵام ئەوە تەنیا ئاستی تاکتیکی ناگرێتەوە. لە لایەنی دەریاوە  هێزی تایبەتی ۵٩ (TF59)ی هێزی دەریایی وڵاتە یەکگرتووەکان بە هەمان شێوە لە کەڵک وەرگرتن لە ئامێری بێ سەرنشین بۆ کۆ کردنەوەی زانیاریی زۆرتر لە سەر دەوروبەر دەکۆڵێتەوە.

لە کاتێکدا زۆر دەمێکە بیر لە دابەشینەوە ئەرکەکانی ئاسایشی دەریایی لە ناوچەی کەنداو و دەوروبەر بەسەر هاوبەشی ناونەتەوەیی و بە تایبەتی ناوچەییدا دەکرێتەوە، ڕووداوەکان یارمەتیدەری داڕشتنی ئاڵوگۆڕێکی ستراتێژیکی بوون کە خێراییان بە وەدیهێنانی ئەو ئامانجە بەخشیوە. بە پەرە گرتنی گواستنەوەی جەختی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرەو ئوقیانووسی هیند-ئارام و سەرهەڵدانی چین، کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان ناچار بوون بەرپەرچی ترسی پەرەئەستێنی وڵاتانی کەنداو لەمەڕ ئەو هەستە کە وڵاتە یەکگرتووەکان خەریکە ببێتە هاوبەشێک کە کەمتر جێگای متمانەیە، بداتەوە.

دەستبەسەر داگرتنی ڕێژەیەکی زۆر ماددەی سڕکەر و چەکوچۆڵ، لەو دواییانەدا گرینگیی پێداویستییەکانی هەوڵگریی، چاودێری و سیخوڕیی پشتراست کردۆتەوە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە دەستبەسەر داگرتنی ئەو دواییانە لە کەنداوی عوممان، لەلایەن پاپۆڕی ه. م. س. لانکاستەر سەر بە هێزی دەریایی بریتانیا گوایە بە پشت بەستن بە زانیاریی هەوڵگریی، چاودێری و سیخوڕیی وەدەستهاتوو لە ئاسمانەوە لە لایەن هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان جێبەجێ کراوە. هەروەها سەرنجڕاکێشە کە لە زۆربەی ئەو دەستبەسەر داگرتنانەدا، لە لایەن هێزەکانی دەریایی وڵاتە یەکگرتووەکان و  نانەتەوەیی بوون. بێگومان دەبێ ئامانج ئەوە بێ کە لە داهاتوودا هێزە دەریاییەکانی ناوچە دەورێکی مەزنتر لەو چالاکییانەدا بگێڕن.

لە کورتخایەندا، مەزنترین بەڵێنییەکانی پەرە ئەستاندنی هاوکاریی ناوچەیی ناڕاستەوخۆ دەبن، بە هاریکاریی وڵاتە یەکگرتووەکان وەک ناوەندی پشتگیریکار لە ژمارەیەک پەیوەندیی دوولایەنە لەگەڵ وڵاتانی هاوکاریی کەنداو و هاوبەشە ناونەتەوەییەکانی دیکە. هاندانی هاوکاریی ناوخۆیی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاریی کەندوا بێ حزووری وڵاتە یەکگرتووەکان، هەروا وەک ئاواتێک دەمێنێتەوە.