کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە

10:03 - 11 بانەمەڕ 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ١٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ مانگرتنە گشتییە کرێکارییەکان لە ئێران، ١٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاری دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ڕێژیم لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

کۆمەڵێک لە کرێکارانی پێترۆشیمیی ڕازی لە بەندەری ماهشەهر و کرێکارانی پرۆژەی "ئێن‌جی‌ئێڵ" لە ئەهواز مانیان گرت و بە مانگرتنە گشتییەکانەوە پەیوەست بوون.

هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی ئەهواز، بابۆل، ئەراک، تاران، ڕەشت، ئیسفەهان و کرماشان لە بەردەم بینای ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان بەڕێوە چوو.

لەلایەکی دیکەوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی لاستیکی یەزد، کرێکاران و کارمەندانی چاوەدێری ترافیک لە بەردەم شۆرای شاری تاران، کرێکارانی کۆمپانیای نەیشەکەری حەوت تەپە لە بەردەم نووسینگەی بەڕێوەبەریی ئەو کۆمپانیایە، بەڕێوە چوو.

هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە کادری دەرمانیی شیراز لە بەردەم بینای ئیدارەی تەندروستیی ئەوە شارە، کۆبوونەوەی کۆمەڵێک لە کەمئەندامانی توربەتی جام لە بەردەم بینای بێهزیستیی ئەوە شارە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی پزیشکیی زاهیدان لە بەردەم ئەو زانکۆیە بەڕێوە چوو.