کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی RSF و ئاوڕدانەوەیەک لە دۆخی ڕۆژنامەنووسی لە ئێران

13:34 - 31 بانەمەڕ 2723

بێهزاد قادری

 

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور (RSF)، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بیست‌ویەکەمین ڕاپۆرتی پلەبەندیی خۆی بڵاو کردەوە. ئەم ڕێکخراوەیە لەم ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کردووە کە ساڵی ڕابردوو دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، ئێران جێگەی خۆی وەکوو یەکێک لە سەرکوتکەرترین وڵاتانی جیهان لە بواری ئازادیی میدیاییەوە بەهێز کردووە.

لەم بابەتەدا ئاوڕێک لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور و دۆخی  ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی لە جیهان بەگشتی و ئێران بەتایبەتی، دەدەینەوە.

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور ڕێکخراوێکی ناحکوومیی نێونەتەوەییە کە بە مەبەستی داکۆکیکردن لە ئازادیی ڕاگەیاندن و پشتیوانی لە هەواڵنێران و ڕۆژنامەنووسان دامەزراوە. بنکەی ناوەندیی ئەم ڕێکخراوەیە لە فەڕانسەیە و ئەرکی ئەو بانگەشەکردن بۆ ڕۆژنامەوانیی ئازاد، سەربەخۆ و فرەچەشن و داکۆکیکردن لە پێرسۆنێلی میدیاکانە. RSF لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یوونیسکۆ و شورای ئورووپا خاوەن پێگەی ڕاوێژکارییە.

ئەم ڕێکخراوەیە لە بواری داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسانێک کە مەترسییان لەسەرە و هەروەها لە بەرزترین ئاستی ئەنجومەنە دەوڵەتی و نێونەتەوەییەکاندا بۆ داکۆکی لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین و زانیاری، چالاکی دەکات. هەروەها بە شێوەی ڕۆژانە ڕاپۆرتی پێوەندیدار بە هەڕەشەکانی سەر ئازادیی میدیاکان بە زمانەکانی "فەڕانسەوی، ئینگلیزی، سپانیایی، پورتوغاڵی، عەرەبی، فارسی و چینی" پێشکەش دەکات. هەروەها ساڵانەش تاوتوێی دۆخی ئازادیی بڵاوڤۆکەکان لەژێر ناوی "پێوەرەکانی ئازادیی جیهانیی بڵاڤۆکەکان"، بڵاو دەکاتەوە کە لەودا دۆخی میدیاکان لە ۱۸۰ وڵاتی جیهاندا هەڵدەسەنگێندرێن و تاوتوێ دەکرێن.

 

بیست‌ویەکەمین ڕاپۆرتی پلەبەندیی RSF

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لە ٢١ـەمین ڕاپۆرتی پلەبەندیی خۆیدا کە لەم ماوەیەدا بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کردووە کە ساڵی ڕابردوو دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، ئێران جێگەی خۆی وەکوو یەکێک لە سەرکوتکەرترین وڵاتانی جیهان لە بواری ئازادیی میدیاییەوە بەهێز کردووە. هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا، ئێران جارێکی دیکەش بە یەکێک لە گەورەترین زیندانەکانی جیهان بۆ ڕۆژنامەنووسان ناو براوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: ئەگەرچی سەرکوتی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیارییەکان بە شێوەی زۆر بەهێز و بەربڵاو لە ئێران لە ئارادایە و ڕۆژنامەوانان بەردەوام لەگەڵ مەترسیی ''دەسبەسەرکردن، لێپێچینەوە، زیندانیکردن، لەژێر چاوەدێریدابوون و ئازار و هەڕەشە'' بەرەوڕوون، بەڵام ئەو دۆخە هاوکات لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ژینا، چڕتر و خراپتر بووەتەوە.

هەواڵنێرانی بێسنوور لەو ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کردووە: دۆخێک هاتۆتە پێش کە بووەتە هۆی زیندانیکردنی زیاتر لە ٧٠ ڕۆژنامەنووس کە ژمارەیەکی زۆر لەوان ژنن، چونکە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان، دەست بۆ هەر کردەوەیەک دەبەن.

هەواڵنێرانی بێسنوور لە درێژەدا ئاماژەی بە سەرکوت و هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵاتیشی کردووە و نووسیویەتی: تەنانەت ڕۆژنامەوانانی ئێرانیش کە لە وڵاتانی دەرەوە نیشتەجێن، لەژێر هەڕەشە و گۆشاری کۆماری ئیسلامیی ئێراندان.

هەر بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرانی بێسنوور، لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران لە زیاتر لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، ڕێژیم لانیکەم هەزار ڕۆژنامەنووس و شارۆمەند- هەواڵنێری دەسبەسەر، زیندانی و بێسەروشوێن کردووە یان لەسێدارەیانی داوە.

 

ئازادیی میدیا و ڕادەربڕین لە جیهاندا

ئازادبوونی مرۆڤ له‌ ده‌ربڕینی ڕا، بۆچوون، ئه‌ندێشه‌، بیر، فکر و باوه‌ڕی، یه‌کێک له‌ مافه‌ سه‌ره‌تایی و دانپێنراوه‌کانی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌ که‌ ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی ١٩٤٥ و به‌ دوای ده‌رچوونی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤ له‌ خاڵی دووه‌میدا به‌ ڕاشکاوانه‌ ئاماژه‌ی پێ دراوه‌. مرۆڤ له‌ ده‌ربڕینی بیر و بۆچوونی خۆی ئازادە و حکوومه‌ته‌کانی ئه‌ندام له‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان پابه‌ند کراون کە‌ له‌و مافه‌ پارێزگاری بکەن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر تاکێک به‌بێ ترس له‌ لێپرسینه‌وه‌ و لێپێچینه‌وه‌ و سزا، ڕای خۆی ده‌رببڕێت.

له‌و وڵاتانه‌ی که‌ جیهان به‌ وڵاتانی دێموکراتیان ده‌ناسێت، ڕاده‌ربڕین به‌شێکه‌ له‌ ناسنامه‌ی دێموکراتیک‌بوونیان و به‌ یاسا و به‌ کولتووریش له‌ کۆمه‌ڵگەدا پێڕه‌و ده‌کرێت و که‌س له‌سه‌ر ده‌ربڕینی ڕا و سەرنج و بیر و ئه‌ندێشه‌که‌ی سزا نادرێت.

بۆ نموونە؛ ئاڵمان وڵاتێکی ئازاد و دێموکراتیکە، ئازادیی ڕاگەیاندن، بڵاڤۆک و ڕای ئازاد و جیاواز، لە یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتەدا مسۆگەر و ڕەنگی داوەتەوە. گرینگایەتیی بیروڕای ئازاد و ئازادیی ڕادەبڕین لە بڕیاری "لوێت" لە ساڵی ١٩٥٨دا پێداگریی لەسەر کراوە، لەم بڕیارەدا هاتووە: مافی بنەڕەتیی ئازادیی باوەڕ و ڕوانگە وەک ڕاستەوخۆترین دەرکەوتنی کەسایەتیی مرۆیی لە کۆمەڵگەدا، بەشێک لە بنەڕەتیترین بەشەکانی مافی مرۆڤە کە بۆ نەزمی دەوڵەتێکی دێموکراتیک، کارتێکەر و گرینگە.

 

دۆخی میدیا و ڕادەربڕین لە ئێران

مێژووی چل و چوار ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی پڕن له‌و نموونانه‌ی که‌ هه‌ر که‌سێک ئه‌گه‌ر ڕا و بیر و فکر و ئه‌ندێشه‌ی خۆی ده‌ربڕیبێت و ئەوە بەپێچەوانەی بیر و باوەڕی دەسەڵات بووبێت، دواتر که‌وتووه‌ته‌ زیندان، ئه‌شکه‌نجه‌ دراوه‌، لەسێدارە دراوە، دوور خراوه‌ته‌وە‌ یان نانبڕاو کراوه‌.

هەروەها لە ڕەوتی ڕاپەڕینی "ژینا" لە ئێران و کوردستان، وێڕای سەرکوتکردنی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران، کۆماری ئیسلامی بە توندترین شێوە ڕۆژنامەنووسانی لە نێوخۆ خستە ژێر گوشارەوە، زۆر کەسیان دەسبەسەر کرد و سزایان بەسەریاندا سەپاند و هەندێک ڕۆژنامەوانیش ناچار بوون وڵات بەجێ بهێڵن و ڕوو لە دەرەوە بکەن.

لە ڕەوتی ئەم ڕاپەڕینەدا، زیاتر لە ٧٠ ڕۆژنامەنووس کە ڕێژەیەکی زۆریان ژن بوون، دەسبەسەر کران. ئەمە بە واتای ئەوەیە کە دۆخی ڕۆژنامەوانان لە ئێران بەرەو خراپتربوون چووە و شتێک بە ناوی ئازادیی ڕادەربڕین لە ئێراندا بوونی نییە.

کۆماری ئیسلامی به‌ پشتبه‌ستن به‌ گشتپرسیی نادێموکراتیکی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی ده‌ڵێت: کۆمەڵگەی ئێران ده‌نگیان داوه‌ که‌ نیزامی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ ئێران ده‌بێ به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی بێت"، به‌و بیانووه‌ش نادێموکراتترین و دژه‌ مرۆییترین یاساکان به‌سه‌ر خه‌ڵکدا دەسەپێنێت و ئازادیی ڕاده‌ربڕینیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پێناسه‌ ده‌کات.

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور ساڵی ڕابردووش لە ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران لەسەر ئاستی ١٨٠وڵاتی جیهاندا پلەی ١٧٨ـەمین وڵاتی بۆ پێشێلکارییەکان تۆمار کردووە. بەوەش کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو وڵاتە دیکتاتۆرانەیە کە بەردەوام جیا لە پێشێلکاریی مافی ئازادی و ڕای جیاوازی ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی ئەو بوارەی ئازار و ئەشکەنجە و دەسبەسەر کردووە، هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو کە ڕێژیمی ئێران لە سەرکوتکردن و و سانسۆڕکردنی ڕاگەیاندنەکان و چالاکانی میدیایی، وەپێش "چین" و "کۆبا"ش کەوتووە.

ڕێكخراوی ڕاپۆرتنێرانی بێسنوور هه‌روه‌ها ئاماژەی بە گۆڕینی قانوونی چاپه‌مه‌نییه‌کان، پەسندكراوی ١٣٦٤ كردبوو، وتبووی گۆڕینی ئەم قانوونە ئیزن بە دەسەڵاتدارانی وڵات دەدات كە بە بیانووی هەوڵدانی دژی كۆماری ئیسلامی، هاندانی خەڵک ‌و گرووپەكان بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی میللی، یان بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامی، بێڕێزی بە ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ‌و مەڕجەعەكانی تەقلید؛ چالاكیی ڕۆژنامەنووسان كۆنتڕۆڵ بکەن. ڕاپۆرتنێرانی بێسنوور وتبووی ئەم بڕیاره‌ دژایەتیی تەواوی لەگەڵ بەندی ١٩ی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ و مادەی ١٩ی کۆنڤانسیۆنی مافە مەدەنی ‌و سیاسییەکان هەیە‌ كە ئێران بۆ خۆی ئیمزای كردووە.

 

هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات

هەروا کە لە سەرەتای بابەتەکەدا هاتبوو، ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور باسی لەوە کردبوو کە "تەنانەت ڕۆژنامەوانانی ئێرانیش کە لە وڵاتانی دەرەوە نیشتەجێن، لەژێر هەڕەشە و گۆشاری کۆماری ئیسلامیی ئێراندان." ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە هەتا ئێستا، هەمیشە لە سەرکوت و سڕینەوەی فیزیکی (تێرۆر) بە دژی نەیارەکانی خۆی کەڵکی وەرگرتووە و لەمبارەوە تەنیا چالاکانی سیاسیی دژبەری ڕێژیمی ئێران نەبوونەتە قوربانی، بەڵکوو ڕۆژنامەوانانی دژبەری کۆماری ئیسلامیش بەشێک لە قوربانییانی دەزگای سەرکوت و تێرۆری کۆماری ئیسلامی بوون.

لە وڵاتانی دێموکراتیک، لە بواری ئەمنییەوە ڕۆژنامەوانان لەلایەن هێزی پۆلیسەوە دەپارێزرێن و لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەکدا، پۆلیس چاودێریی تایبەتی دەکات و دەیانپارێزێت. هەڵبەت ئەوەش مانای ئەوە نییە کە ڕێژیمێکی دیکتاتۆری وەک ڕێژیمی ئێستای ئێران نەتوانێت هەڕەشەی گیانی ساز بکات! بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا پۆلیسی بریتانیا ڕاپۆڕتێکی بڵاو کردەوە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هەڕەشە لەسەر ١٥ ڕۆژنامەوانی دانیشتووی بریتانیا هەبووە کە پۆلیسی نهێنی پووچەڵی کردبوونەوە.

 

کۆتایی

هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە، کاری میدیایی و ڕاگەیاندن لە ئێران وەک کاری ئەمنییەتیی لێ هاتووە. هەڵبەت لە سەردەمی ڕێژیمی پێشووشدا هەر بەم شێوەیە بوو. دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیش بۆ خۆی یەکێک لەو ڕێکخراوانەیە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڕیار لە نووسینگەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمەوە وەردەگرن. بۆیە لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی، دەربڕینی ڕا و بۆچوون، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە یەک وڵامی پێ دەدرێتەوە: "بێدەنگ بە، دەنا خۆمان بێدەنگت دەکەین."