کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"جەنابی من کە دەرکەوتم دەبێ تەشریفی تۆ بڕوا"

13:36 - 31 بانەمەڕ 2723

مەنسوور مروەتی

 

حەوتووی ڕابردوو و لە کاتی ڕێوڕەسمی کرانەوەی یادگەی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی لە ناوچەی بارزان کە تێیدا کۆمەڵێکی زۆر لە بەرپرس و باڵوێزی وڵاتان و کەسایەتییە دیارەکانی کورد و غەیرە کورد بەشدار بوون، هەیئەتی کۆماری ئیسلامیی لەگەك دیتنی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمەکەیان بەجێ هێشت و شوێنەکەیان چۆڵ کرد. ئەوە کۆتایی باسەکە نەبوو. چەند ڕۆژ دواتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە لە سۆنگەی بانگهێشتکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ڕێوڕەسمێکی ڕەسمیی هەرێمی کوردستان، باڵوێزی عێڕاق لە تارانیان بانگ کردووە و ناڕەزایەتیی توندی کۆماری ئیسلامییان پێ ڕاگەیاندووە.

ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەی هەیئەتی کۆماری ئیسلامی گەرچی ڕەنگە لە ڕواڵەتدا و لەنێو ئەو ڕێوڕەسمە گەورەیەدا کەس حیسابێکی ئەوتۆی بۆ نەکات، بەڵام لە پشت ئەو ڕەفتارە ناسیاسییەی هەیئەتی ئێرانەوە دەکرێ لە چەندین لایەنەوە خوێندنەوە بۆ ئەو هەڵوێستە بکرێ، کە لە هەموویان گرینگتر، تووڕەیی و ڕقی کۆماری ئیسلامی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبیندرێ کە ئەوەش ئاکامی شکستی ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر گوتار و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتە.

بێگومان لە ڕووداو و ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرە جیهانی و ناوچەییەکاندا زۆر جار دیتراوە کە لایەنی ئۆپۆزیسیونی دەوڵەتێک بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە حوزوور یان وتاری بەرپرسانی ئەو دەوڵەتە، ڕێوڕەسمەکە یان شوێنەکەیان بەجێ هێشتووە، بەڵام زۆر کەم دیتراوە یان هەر نەدیتراوە کە نوێنەرانی دەوڵەتێک لە داخی حوزووری لایەنێکی دژبەری خۆیان شوێنەکە بەجێ بهێڵن، یان باشترە بڵێین کە لە شوێنەکە ڕایان کردبێت. ئەم ڕەفتارەی کۆماری ئیسلامی لە شوێنێکی وەهادا و لە بەرانبەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا کە جگە لە ڕقی شکست لە بەرانبەر بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات خوێندنەوەیەکی دیکە هەڵناگرێ، ڕیشەکەی لە ململانێ و دژایەتییەکی توندی چل و چەند ساڵەی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر ئەم حیزبەدایە، کە هەرچی لێی دەڕوانی جگە لە شکست هیچ دەسکەتێکی دیکەی بۆ ڕژیم نەبووە.

بۆ چل و چوار ساڵە دەچێ کە ئەم ڕێژیمە چی هێزی خۆیەتی لە هێرشی نیزامییەوە بگرە، بە لێدان و تیرۆر و لە سێدارەدان و بۆمباران و مووشەکباران و درۆنەوە بگرە، تا دەگاتە سیاسەتی تواندنەوە و ئینکار لە ڕواڵەت و فشار لە بنەوە، و دەیان پیلان و بەرنامەی جۆراوجۆر، هیچ کات نەیتوانیوە چۆک بە حیزبی دێموکرات وەک ڕێبەری جووڵانەوەی سیاسی-نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابدا و لە خەڵکی خۆیانی داببڕێ و کاریگەرییان بە سەر کۆمەڵگەی کوردستاندا کەم بکاتەوە.

ڕاستە کە کۆماری ئیسلامی لەم ساڵە دوور و درێژانەی تەمەنیدا بە هێزی چەک و سەرکوتی لە ڕاددەبەدەر تێچوویەکی قورسی بە سەر خەڵکی کورددا سەپاندووە و بە هەزاران بنەماڵەی کوردی جەرگ‌سووتاوو و تازیەبار کردووە، بەڵام ئاکامەکەی بۆ ڕێژیم هەمیشە پێچەوانە بووە، چونکە بەو سیاسەتە هیچ کە نەیتوانیوە حیزبی دێموکرات لە بەین ببات، نەشیتوانیوە خەڵکی کوردستان و هێزە شۆشگێڕەکانی لە خەبات و تێکۆشان سارد بکاتەوە؛ بە پێچەوانەوە ناسیۆنالیزمی کورد بەردەوام ڕوو لە گەشە بووە و نەوە لە دوای نەوە ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بە ژن و پیاو و بە کچ و کوڕەوە لە ئەرکی خۆیاندا چییان لە توانادا بووە کەمتەرخەمییان نەکردووە.

نموونەکانی هەموو ئەمانەی کە باس کرا لە شۆڕشی ژینادا بەڕوونی و ڕوونتر لە هەمیشە بە دیار کەوت. ڕژیم هەموو ریسەکانی لە بەرانبەر حیزبی دێموکراتدا لێ بووەوە بە خوری. شۆڕشی ژینا بە ئاماژەیەکی حیزبی دێموکرات و ناوەندی هاوکاری و لایەنەکانی دیکە هەڵگیرسا و بەجارێ تەخت و بەختی دیکتاتۆریی ئیسلامی ئێرانی خستە لەرزە.

ڕێژیم سەرەڕای هەموو توندوتیژییەکی کە دژ بە خەڵکی کوردستان نواندی و دەینوێنێ، کە پێویست بە دووپات بوونەوە ناکا، وای لێ هات کە ئەو جار ئەوە هێزە سەرکوتکەرەکان و بەکرێگیراوانی ڕێژیم بوون کە هێندە هیچیان بۆ نەمابوویەوە پاش ئەو هەموو ساڵە لە دەسەڵاتیان تازە بە تازە بەدزیی خەڵکەوە دروشمی مەرگ بۆ دێموکراتیان لە دیوارەکانی شارەکانی کوردستانەوە دەنووسی. ئەمەیان دیسان تەنزێکی زۆر خۆش و پێکەنیناوییە کە لە دنیادا نموونەوەی نەبووە. ڕێژیمێک کە لە ناوچەکەدا بەناو ململانێی ئەمریکا و زلهێزەکان بکا، ڕێژیمێک کە بەو هەموو توانایی نیزامییەوە کە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانی بۆ بەتاڵان دەبا، لە بەرانبەر حیزبی دێموکرات و سیاسەتە دروستەکانیدا  ێندە هەست بە کەمی و داماوی بکا کە لە دیوارەکانی شار و شەقامەکانی کوردستاندا دەست بکا بە دروشم نووسین بە دژی دێموکرات. کەواتە زۆر زۆر شتێکی ئاساییەوە کە هەیئەتەکانیشی لە جێگایەک کە نوێنەران و هەیئەتی حیزبی دێموکراتی لێ بێ، بە داماوییەوە هەڵێن و شوێنەکە جێ بهێڵن.

کۆتایی ئەمەی باس کرا دەرخەری یەک شتە، ئەوەش ئەوەیە شۆڕشی ژینا وەکوو دوایین نموونەی ئەم ململانێیەی چەندین ساڵەیەی کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەی کوردستان دەری خست کە کۆماری ئیسلامی کۆتا کاتەکانی تەمەنی لە ئێران بەڕێ دکا و خەڵکی کوردستان، حیزبی دێموکرات و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی دیکەی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، قورس و قایم خەباتی خۆیان تا سەرکەوتن درێژە پێ دەدەن و ئەو ڕۆژەش نزیکە کە نەک هەیئەت و نوێنەرەکانی؛ بەڵکوو کۆماری ئیسلامی بە گشتی لە کوردستان بڕۆنەوە دەرەوە.