کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی قووڵی ٧ وڵاتی پیشەسازیی جیهان لەهەمبەر پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران

16:35 - 31 بانەمەڕ 2723

ڕێبەرانی حەوت وڵاتی پیشەسازیی جیهان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، نیگەرانیی قووڵی خۆیان سەبارەت بە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئۆپۆزیسیۆن، کەمینەکان و ڕۆژنامەنووسانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران دەربڕی و لەسەر پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران جەختیان کردەوە.

لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی شەممە ٣٠ی بانەمەڕ بڵاو کراوەتەوە، ڕێبەرانی حەوت وڵاتی پیشەسازیی جیهان ناسراو بە "گرووپی حەوت"، داوایان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کۆتایی بە هەموو دەسبەسەرکردنە ناڕەوا و سەرەڕۆییەکان بهێنێت.

ئەم بەیاننامە هاوبەشە دوابەدوای دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی ئێعدامەکانی پێوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران و کاردانەوەی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەرامبەر بە درێژەی ئێعدامەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەرچووە.

بە لەسێدارەدانی مەجید کازمی، ساڵح میرهاشمی و سەعید یەعقووبی، ژمارەی خۆپیشاندەرانی ناڕازی کە لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون، گەیشتە حەوت کەس.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا، ڕێبەرانی گرووپی حەوت، لەسەر نیگەرانیی توندی خۆیان سەبارەت بە بەردەوامیی چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی ڕێژیمی ئێران لەوانە گواستنەوەی مووشەک، دڕۆن و تەکنۆلۆژیی پێوەندیدار بۆ ڕووسیە و گرووپە میلیشیاکان، جەختیان کردووەتەوە.

هەروەها گرووپی حەوت لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیاندا، نیگەرانیی خۆیان لە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەربڕی و جەختیان کردەوە کە ڕێگە نادەن کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.