کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکاندنی شووشەی سەر گڵکۆی ژینا ئەمینی لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە

17:38 - 31 بانەمەڕ 2723

دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری سەقز، لە هەوڵێکی قێزەوندا، شووشەی سەر کێلی گڵکۆی ''ژینا ئەمینیـ''ـیان شکاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندەی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەکرێگیراون و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری سەقز، لە گۆڕستانی ''ئایچی'' شووشەی سەر گڵکۆی ''ژینا ئەمینیـ''ـیان شکاندووە.

ژینا ئەمینی، کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز، مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لە شاری تاران کەوتەبەر لێدانی دڕندانەی گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئێران و بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، دوای دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

دوابەدوای ئەو ڕووداوە، خەڵکی کوردستان بە دروشمی ''ژن ژیان ئازادی'' و دروشمی دژ بە ڕێژیمی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و دواتر هەموو شارەکانی ئێرانی گرتەوە و ئێستاش ئەو شۆڕشە بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە.

ژینا ئەمینی، لە ئێستادا وەک سەمبولی شۆڕش لە ئاستی ئێران و دنیای دەرەوە ناسراوە و لە چەندین وڵاتی ڕۆژاوایی شەقام و شوێنی گشتیی بەناو کراوە.

لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، هەتا ئێستا بە دەیان جار خەڵکی ئازادیخواز لەسەر گڵکۆی ناوبراو کۆ بوونەتەوە و دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان وەڕێ خستووە، ئەمەش وای کردووە کە ئەو ڕێژیمە لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانییەوە شووشە و کێلی سەر گڵکۆی ناوبراو بشکێنن.