کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی پیلانەکانی ڕێژیم دژی خەڵکی کوردستان

09:50 - 1 جۆزەردان 2723

خۆفرۆشان و بەکرێگیراوانی سەر بە ڕێژیم لە پیلانێکی نوێدا بە جلوبەرگی پێشمەرگانە و ئاڵای کوردستانەوە سەردانی ناوچەکانی کوردستان دەکەن و داوای یارمەتی لە خەڵک دەکەن.

بەپێی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی کە بە ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، ماوەیەکە لە درێژەی پیلانەکانی ڕێژیم دژی خەڵکی کوردستان، خۆفرۆشانی خۆجێیی و بەکرێگیراوانی سەر بە ڕێژیم لە ناوچەی ورمێ، بە جلوبەرگی پێشمەرگانە و ئاڵای کوردستانەوە سەردانی گوندەکان دەکەن و داوای یارمەتی لە خەڵک دەکەن.

لە چەند شەوی ڕابردوودا ئەو بەکرێگیراوانە سەردانی گوندەکانی ناوچەی دزەی دۆڵ سەر بە شاری "ورمێـ"ـیان کردووە و لە گوندی دەربەند داوای یارمەتییان لە خەڵک کردووە و دەیانهەوێت کێشە بۆ خەڵک دروست بکەن.

شایانی باسە کە پێشتر ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاگادارکردنەوەیەکدا ڕوو بە خەڵکی کوردستان، باسی لە پیلانگێڕییەکانی ڕێژیم کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیم بە کەڵکوەرگرتن لە جلوبەرگی حیزب و ئاڵای کوردستان، سەردانی ناوچەکانی کوردستان دەکات و دەیهەوێت لەو ڕێگەیەوە کێشە بۆ خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان دروست بکات.