کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان، خەڵاتی تایبەتی ئاشتیی مافی مرۆڤی پێ بەخشرا

11:40 - 1 جۆزەردان 2723

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان، لەنێوان دەیان ڕێکخراوی چالاک و پێشکەوتوو لە ئاستی جیهاندا، لەلایەن دامەزراوەی ''١٨ی مەی'' لە شاری گوانگجوو لە وڵاتی کۆرەی باشوور، خەڵاتی تایبەتی ئاشتیی مافی مرۆڤی پێ بەخشرا.

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان لە ئێران، لە بابەت گەیاندنی دەنگی مامۆستایانی ئێران لە ئاستی نێونەتەوەیی و پێکهێنانی هاوپێوەندیی نێونەتەوەیی بۆ مەحکوومکردنی سیاسەتە دژە مافە مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرکوتکردنی مامۆستایان، چالاکانی یەکیەتییەکانی کرێکاری، لەنێوان دەیان ڕێکخراوی چالاک و پێشکەوتوو لە ئاستی جیهاندا، براوەی خەڵاتی دامەرزراوەی'' ١٨ی مەی'' بوو.

جێگەی ئاماژەیە پێدانی ئەو خەڵاتە بە شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان، ناڕەزایەتیی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێرانی لە وڵاتی کۆرەی باشوور لێ کەوتەوە.

باڵوزێخانەی ڕێژیمی ئێران لە نامەیەکدا بە درۆ و چەواشەکاری لە بابەت هەوڵەکان بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی مامۆستایان، ویستوویەتی ئەو دامەرزراوەیە لە پێدانی خەڵات بە شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان پاشگەز بکاتەوە. بەڵام دامەزراوەی ١٨ی مەی، جیا لەوەیکە خۆی لە دۆخی مامۆستایان لە ئێران ئاگادار بووە، دەقی نامەکەشی ڕادەستی ئەو شۆرایە کردووە.