کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی یەکیەتیی ئورووپا دژی ڕێژیمی ئێران

20:12 - 1 جۆزەردان 2723

یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی خستە سەر ٥ بەرپرسی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دوو ڕێکخراوی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم.

ڕۆژی دووشەممە ١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، یەکیەتیی ئورووپا لە کاردانەوە لەهەمبەر ئێعدامی خۆپیشاندەرانی بەندکراو لە ئێران و پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤ، دوو ڕێکخراوی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی بە ناوەکانی ڕێکخراوی بەسیجی خوێندکاری و بونیادی تەعاونی سپای خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

هەروەها یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی خستووەتە سەر "سەلمان ئادینوەند، فەرماندەی یەگانی پشتیوانی تاران، محەممەد ئەمین ئاقامیری، بەرپرسی شۆرای باڵای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، موحسێن نیکوەرز، دادستانی شاری سیرجان، نادر مورادی، جێگری چاوەدێریی شوێنە گشتییەکانی پۆلیسی ئەمنییەتی تاران و سەعید مونتەزێر ئەلمەهدی، وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە ئینتیزامییەکانی ئێران."

هەر لەم پێوەندییەدا پێشتر ئانالنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، ڕایگەیاندبوو کە ئەندامانێکی زۆرتری سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەخرێنە لیستی گەمارۆکانەوە.

ناوبراو لەسەر ئەوە جەختی کردەوە: ئەو گەمارۆوە نوێیانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئێمە وەکوو یەکیەتیی ئورووپا پشتیوانی خەڵکی ئێرانین.

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان بە ئاماژەدان بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران وتی: پێشێلکردنی مافی ژنان لە ئێران بەهۆی حیجابی زۆرەملێ و ژەهراویکردنی قوتابییان لە ئێران بە هیچ جۆرێک لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە قەبووڵ ناکرێت.

هاوکات جۆزێڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا بە ئاماژەدان بە ئێعدامی سێ کەسی دیکە لە خۆپیشاندەرانی ناڕازی دژی دەسەڵاتی ئێران لە ئیسفەهان، ڕایگەیاند کە ڕۆژی دووشەممە ١ی جۆزەردان لە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆگەلێکی نوێ دەخرێتە سەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.