برایم چووکەڵی
كاروانى خەبات بۆ دابينكردنى مافە نەتەوايەتیيەكانی نەتەوەی كورد بەردەوامە و هەتا گەیشتن بە دوائامانجەکانی بەردەوام دەبێت. ئەم کاروانە بە پێشکەشکردن و بەشینی گیانی باشترین و بەوەجترین ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە ئامانجێکی بەرزی و ئینسانی هەیە و ئەویش بەختەوەری و ئازادیی گەلێکی بندەستە کە شیاوی ئازادییە، چونکی ڕووبارێک خوێنی بۆ داوە. لە ژمارەی ئەمجارەی "کوردستان" و لە گۆشەی "هەگبەی شاخ و شۆڕش"دا سەرێک لە ناوچەی سەقز هەڵدێنین و یادی شەهید تاهیر ساڵحی، شۆرەسوارێکی ئەم دەڤەرە دەکەینەوە.
تاهیر ساڵحی له شاری سه‌قز له بنه‌ماڵه‌یه‌کی زه‌حمه‌تکێش چاوی به دنیای ڕوون کرده‌وه. ئەو نازدار و خۆشه‌ویستی ماڵێ بوو، هه‌ربۆیه دایك و بابی پتر زه‌حمه‌تیان كێشا بۆ ئەوەی كوڕی خۆشه‌ویستیان چاوله‌ده‌ست نه‌بێ. له ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا بە کۆڵێک هیوا و هۆمێدەوە نێردایە قوتابخانه، کەچی دواتر به‌هۆی زۆر گیروگرفتی بنەماڵەیی و بژیوی ژیان نه‌یتوانی درێژه به خوێندن بدا. بۆیە بەناچار ڕێگای یارمه‌تیکردن به باوکی گرته‌به‌ر و هه‌وێنی ژیانی ساكارانه‌ی تاهیر بوو به زه‌حمه‌ت و كوێره‌وه‌ری و ڕه‌نجكێشان.
تاهیر هه‌رچه‌ند له‌گه‌ڵ مەینەتی و كوێره‌وه‌ری گه‌وره بوو، و ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ زیاتر هه‌ستی به زوڵم و زۆری ده‌كرد؛ بەڵام ڕوحی خەبات و خۆڕاگری لە ناخیدا چەکەرەی دەکرد. ئەو کە لە چایخانەکەی باوکی‌دا کاری دەکرد، لە زمان خەڵکێکی زۆرەوە دەیبیست و دەیدی کە گەلە بەشخوراو، و نیشتمانە داگیرکراوەکەی چیی بەسەر دێت.
ساڵی 57 كه تەقینەوەی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌دژی ڕێژیمی گه‌نده‌ڵ و بێزراوی پاشایه‌تی بوو، تاهیر له ڕیزی پێشەوەی خۆپیشانده‌ران بوو. ئەو وێڕای دەربڕینی بێزاریی خۆی له ڕێژیمی محه‌ممه‌دڕه‌زاشای په‌هله‌وی لاوانی دەوروبەری بۆ بەشداری لە ڕاپەرینەکە هان دەدا. دوای ئه‌وه‌ش كه شۆڕشی گه‌لانی ئێران سه‌ر كه‌وت و حیزبی دێموکراتی کوردستان تێكۆشانی ئاشكرای خۆی ده‌ست پێ كردەوە، تاهیر بڕیارە چارەنووسسازەکەی خۆی دا.
تاهیر به‌گوێره‌ی ناسیاوییه‌ك كه له حیزبی دێموكراتی کوردستان و مێژووی خەبات و تێکۆشانی حیزب هەیبووی، وه‌ك كوڕه كوردێكی به‌هه‌ست و نیشتمانپه‌روه‌ر ئه‌و حیزبه‌ی وه‌ك وه‌دیهێنه‌ری ئامانجه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران په‌سه‌ند كرد و بوو به لایه‌نگرێكی وه‌فاداری حیزبی دێموكرات. زۆری نەبرد و لە هاوینی ساڵی ٥٨دا ده‌ستی دایه چه‌ك و له ڕیزی شۆڕشگێڕانی حیزبی دێموكرات له هێزی عه‌زیز یوسفی بوو به پێشمه‌رگه. ئەو کە لەنێو هاوڕێیانیدا بە "هه‌ڵۆ"ی ناوبانگی ده‌رکردبوو، زۆر زوو توانی جێگەی خۆی لەنێو پێشمەرگەکانی هێز و خەڵکی ناوچەدا بکاتەوە.
تاهیر به وشیارییه‌وه كاری پێشمه‌رگایه‌تیی خۆی ده‌ست پێ كرد و بوو به پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا‌و به‌ئیمان. ئه‌و هه‌وڵی ده‌دا له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رانی و خه‌ڵكی دەوروبەر كرده‌وه و ڕه‌فتار و هه‌ستان و دانیشتنی شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌بێ. جگه له‌مانه‌ش خۆی ماندوو ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له سیاسه‌تی حیزبە ئاگادار بێ و لەنێو خەڵکدا برەویان پێ بدا. تاهیر به لـێهاتوویی و لـێوهشاوهیییهوه ئه‌ركه پیرۆزه‌كانی به ڕێكوپێكی به‌ڕێوه ده‌برد و بڕیاره‌كانی حیزبی جێبه‌جێ ده‌كرد.
پاش ئه‌وه‌ی شاری سه‌قز له‌لایه‌ن به‌كرێگیراوانی ڕێژیمی ئاخوندییه‌وه كه‌وته به‌ر په‌لامار و داگیر كرا، تاهیر وێڕای تێكۆشه‌رانی حیزب و هاوسه‌نگه‌رانی درێژه‌ی به تێكۆشانی سیاسی و نیزامیی خۆی دا و چیاکانی ناوچه‌ی سه‌قز و هه‌وشاری له دوژمن کرده گۆڕستان. تاهیر کە له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌زموونێكی باشی له شۆڕش به‌ده‌ست هێنابوو، به‌هۆی ئازایه‌تی به سه‌رپه‌ل دیاری کرا و ئه‌و ئه‌ركه‌شی به‌جوانی به‌ڕێوه برد و به‌تایبه‌ت له شه‌ره‌کانی سێ مانگه، ده‌ره‌قووڵه و خۆشێنان ئازایه‌تیی که‌موێنه‌ی نواند.
تاهیر ساڵحی ساڵی ١٣٦٢ بوو لەگەڵ شه‌هید سه‌دیق فهروخیان ڕووی له ناوچه‌ی هەوشار کرد. پاش ماوه‌یه‌ک کار له‌و ناوچه‌یه وه‌ک فارهماندهری لک دیاری کرا و له‌و پۆسته‌شدا كارامه‌یی خۆی نیشان دا. تاهیر له ماوه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیدا نموونه‌ی سه‌داقه‌ت و ڕاستی و دروستی بوو. هه‌ستان و دانیشتنی و كرده‌وه‌كانی له خزمه‌ت ئامانجه‌كانی جووڵانه‌وه‌دا بوو. چالاكی و ههڵسووڕیی ئه‌و له خه‌بات دژی دوژمنانی ئازادی‌دا به‌رچاو بوو. له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كاندا به‌شداریی چالاكانه‌ی هه‌بوو و وه‌ك قه‌ڵایه‌كی پۆڵایین له‌به‌رانبه‌ر دژی‌گه‌لییه‌كاندا ڕاده‌وه‌ستا. تاهیر به تێكۆشانی بێ‌وچان و به هه‌ڵمه‌تی دوژمنشكێنانەی پێشانی دا شیاوی ئه‌م پله و بهرپرسایهتییەیە و له كاری فه‌رمانده‌ییدا ڕۆڵه‌یه‌كی كارلێهاتوو و ئازایه. به چه‌شنێك كه قاره‌مانیه‌تی و نه‌ترسیی تاهیر له ناوچه‌ی سه‌قز و هه‌وشار ده‌نگی دایه‌وه. شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی سه‌قز و هه‌وشار فه‌یزوڵابه‌گی نموونه‌یه‌کی چووکه‌ن که وه‌ک یادگار له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریی هیزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموکرات‌دا ماونه‌ته‌وه.
ڕۆژی یه‌کی ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی ١٣٦٢ هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی په‌لاماری گوندی "کانیچهرموو"یان دا. شەڕێکی قورس لە نێوان هێزی پێشمەرگە و دژیگەلییەکاندا کەوتە ڕێ. بەداخەوە سەرەڕای ئازایەیی بێوێنە، بەڵام سینگی تاهیر ساڵحی که‌وته به‌ر گولله‌ی داگیرکه‌ران و چرای ته‌مه‌نی له ٢٥ ساڵیدا كوژایه‌وه.
ئەگەر چیا سه‌ربه‌رزه‌كانی کانیچهرموو به خوێنی تاهیر نەخشان، لەو لاوە یاد و ناوی تاهیر لە دڵ و بیرەوەریی هەزاران هەزار لاو و منداڵی نەتەوەکەیدا هەرمان مایەوە.