کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم بە ئاکام ناگەن

00:58 - 2 جۆزەردان 2723

ئاسۆ مینبەری

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، وەزارەتی وەرزش و لاوانی ڕێژیم ڕایگەیاند لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٣٠ ناوەندی هاوسەرگیری لە ئێراندا دامەزراون. ئەم ناوەندانە بە ئیزنی ناوەندی تەبلیغاتی ئیسلامیی ڕێژیم کار دەکەن و لە زیاتر لە ١٥ پارێزگای ئێراندا بنکەیان بۆ دیاری کراوە.

لە ڕاستیدا کرانەوەی ئەم ناوەندانە پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سیاسەتی ڕێژیم بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت هەیە کە لە ساڵی ١٤٠٠دا لە ژێر ناوی "گەڵاڵەی پشتیوانی لە بنەماڵە و جەوانیی حەشیمەت" کەوتە بەر دەنگدان و لەلایەن مەجلیسی ڕێژیمەوە پەسەند کرا و چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. هەر بەپێی ئەم گەلاڵەیە بنەماڵەکان لە مافی سەرەتایی خۆیان، واتە کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی منداڵبوون بێبەری‌بوون و تەنانەت فرۆشتنی کەرەستە بێهداشتییەکانیش بۆ پێشگرتن لە منداڵبوونیان لێ قەدەغە کرا.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەتووە کە ١٠ لەسەدی کۆمەڵگەی ئێران بە پیر دادەنرێن و، بەدواداچوونی کارناسانی حەشیمەتیش پێشانی داوە کە هەتا ساڵی ١٤٣٥، واتە هەتا ٣٣ ساڵی دیکە حەشیمەتی ئێران بەرەو پەککەوتەیی دەچێت کە ئەمە دەتوانێ کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر جومگە جیاوازەکانی کۆمەڵگەش هەبێ.

بەڵام ئایا ئەمە ئەتوانێ بیانوویەکی باش بۆ دەستێوەردان لە تایبەتیترین بەشی ژیانی بنەماڵەکان بێ؟ ئایا بەم شێوەیە حەشیمەتی ئێران بەرەو جەوانی دەچێت و ئایا ئەم جەوانبوونی حەشیمەتە ئەتوانێ لە ڕاستای بەرژەوەندی و قازانجی ڕێژیمدا بێ؟ چاوخشاندنێک بەسەر دۆخی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا و بەتایبەتیش لە چەند مانگی ڕابردوودا دەری دەخات کە ڕێژیم چۆن لە نەبوونی پلان و ستراتیژیی گونجاودا خۆی بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی حەشیمەت ڕوو لە کزبوون بنێ و چیدیکە خەڵک حەزیان لە گەورەکردنەوەی بنەماڵەکانیان نەبێ. هەر لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەزاران کەس لە توێژی لاوی کۆمەڵگە و ئەوەی کە دەبوایە بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە هیوای پێ ببەسترێ، بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری و ژیانی خۆیانەوە، پەنایان بردە بەر خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیانی هێنا. لەلایەکی دیکەوە سەرهەڵدانە بەردەوامەکان و دژایەتیکردنی لاوان لەگەڵ سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم وای کرد، کە ڕێژیم ڕێگای سەرکوت لەبەر بگرێ و لەم پێناوەشدا بە سەدان لاو دەسبەسەر کران، لە سێدارە دران یان کەوتنە بەر فیشەکی هێزەکانی ڕێژیمەوە و گیانیان لەدەست دا.

سیاسەتی جەوانیی حەشیمەت، هەرجارە و بەپێی خواستی بەرپرسانی ڕێژیم گۆڕانی بەسەردا دێت، پێشتر کە دۆخی ئێران تا ڕادەیەک سەقامگیر بوو و ناڕەزایەتییەک لە ئارادا نەبوو، ڕێژیم بۆ سزادانی ئەو بنەماڵانەی کە لە ٤ منداڵ زیاتریان هەبوو، کۆپۆنی لە منداڵە تازەلەدایکبوووەکە ئەبڕی تاکوو بتوانێ پێش بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی حەشیمەت بگرێ، وەک بڵێی ئەو خاروبارەی کە بە کۆپۆن دەیدا ئەوەندە زۆرە کە منداڵ ئیدی پێویستی بە شتێکی تر بۆ گەورەبوون نییە جگە لەوەی کە ڕێژیم پێی دەدا، لە ڕاستیدا ناڕەزایەتی و ئاڵۆزییەکیش نەبوو تاکوو پێویستی بە هێزیش بێ کە بۆ سەرکوتیان کەڵکیان لێ وەربگرێ، بەڵام دواتر کە ئێران بوو بە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکان و بەتایبەتیش پاش ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ کە خەڵک بە تووڕەییەوە هاتنە سەر شەقامەکان و تەواوییەتی ڕێژیم و خودی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمیان کردە ئامانجی دروشمەکانیان و ویستیان ڕووخانی ڕێژیم بوو، ڕێژیم بیری لەوە کردەوە کە بۆ لەبەرگرتنی ڕێگای سەرکوتی خەڵک، پێویستی بە خودی خەڵکە! ڕێژیم پێویستی بە هێزی خۆفرۆش و نەیارەکان بوو تاکوو لە ڕێگەی ئەوانەوە خەڵکی ناڕازی سەرکوت بکا، جا لەم نێوانەدا لە دوو بەرەی جیاوازدا خەڵک بە دەستی خەڵک دەکوژرێن، ئەویش زیاتر ئەو کەسانە کە تەمەنیان لە لاوەتی‌دایە و نایانەوێ وەکوو باوباپیرانیان لەژێر دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامیدا ژیان و تەمەن و لاوەتیی خۆیان فیدا بکەن، کەوایە حەشیمەتی لاو ڕووی لە کزی دەنا و تا چەند ساڵی دیکە کۆمەڵگەی ئێران دەمایەوە و کۆمەڵێک هاووڵاتیی پیر و پەککەوتە کە نەک هەر ناتوانن کار بکەن و بژێوی ژیانیان دابین بکەن، بەڵکوو چاوەڕوانییان لە دەوڵەتیش ئەوەیە کە ژیان و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکا، کەوایە هیچ شتێک وەکوو گەلاڵەی جەوانیی حەشیمەت، کە بە زۆر بەسەر خەڵکدا بسەپێ، ناتوانێ بە قازانجێ ڕێژیم بێ.

ڕێژیم بەو ستراتیژییە لەلایەکەوە، لاوانی ئازادیخواز سەرکوت دەکا و گیانیان لێ دەستێنێ، لەلایەکی دیکەوە هەتا ژووری نوستنی خەڵک دەچێت و لە بڕیاری ئەواندا بۆ منداڵبوون دەستێوەردان دەکا تاکوو بە خەیاڵی خۆی حەشیمەتەکە کۆنتڕۆڵ بکا و هێزی کاری هەبێ کە داهاتووی وڵاتەکە لەسەر دەستی ئەوان نەفەوتێ و هەموو قازانجەکەش دیسانەوە بۆ خودی ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانی بێت. لەلایەکی دیکەشەوە جەختکردنەوەی بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر بەرزکردنەوەی حەشیمەت و پێدانی وادە و بەڵێنێ بە بنەماڵەکان لەم بوارەدا، زیاتر بۆ بەلاڕێدابردنی دۆخی هەنووکەیی و هەوڵدان بۆ ئاسایی‌کردنەوەی دۆخەکەیە، تاکوو لە داهاتوودا بە خستنەڕووی ئامارێک لە ڕێژەی منداڵبوونەکان بڵێ ئەوەتا، کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕ هاتنە سەر شەقام و وڵاتیان ئاڵۆز کرد، بەڵام هیوا بە ژیان ئەوەندە لە ئێراندا زۆرە کە خەڵک بە بێ گوێدان بەم بابەتانە خەریکی گەورەکردنەوەی بنەماڵەکانیانن!

لەبەرگرتنی ئەم چەشنە سیاسەتە ناتوانێ بە قازانجی ڕێژیم بێت، خەڵک پاش زیاتر لە ٤ دەیە زۆر باش ڕێژیمیان ناسیوە و لە هەموو پیلانێکی ئاگادارن، بۆیە ئەوان منداڵبوون وەکوو مافی خۆیان دەبینن و هیچکات لەپێناو سیاسەتەکانی ڕێژیمدا هەنگاو هەڵ ناگرن و ناهێڵن سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم بە ئاکام بگەن.