کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوبردنی دارستانەکانی کوردستان لەلایەن کەسانی هەلپەرستەوە بەردەوامە

10:20 - 2 جۆزەردان 2723

کەسانی هەلپەرست و دژی ژینگە لە بڕینەوە و لەنێوبردنی دارستانەکانی ناوچەی سەردەشت بەردەوامن.

بەپێی ئەو وێنانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، مافیاکانی دارستانەکان و کەسانی هەلپەرست لە ناوچەی سەردەشت، دارەکان دەبڕنەوە و بە بڕینەوەی دارەکان بازرگانی بە ژینگەی کوردستانەوە دەکەن.

دوژمنانی ژینگەی کوردستان، ئەمجارە لە سەردەشت و لە ناوچەی کانگای بەردی سەر جادەی سەردەشت- شەڵماش، بە بڕینەوەی دارە بەتەمەن و مێژووییەکانی ئەو ناوچەیە، سروشتی ئەو ناوچەیەیان تێک داوە.

شایانی باسە کە مافیاکانی دارستانەکان لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بە هاوکاری و پشتیوانیی هێزەکانی ڕێژیم، لە تێکدان و بڕینەوەی دارستانەکانی کوردستان بەردەوامن و دەیانهەوێت بە هەموو شێوازێک جوانییەکان و سروشتی کوردستان تێک بدەن.