کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و ئێران

10:24 - 2 جۆزەردان 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران،  ڕۆژی ڕابردوو ١٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی دووشەممە ١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی و لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و ئێران، ١٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، وەک کۆبوونەوەی خانەنشینکراوانی ئیدارەی موخابرات لە پارێزگاکانی چوارمەحاڵ و بەختیاری، سیستان و بەلووچستان، خووزستان، کرماشان، مەرکەزی، ئیسفەهان، خوراسان، ئیلام، هەمەدان و گیلان، لە بەردەم ئیدارەی ناوەندی موخابراتی شارەکانیان بەڕێوە چوو.

هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ماڵخوراوانی "ڕامەک خودڕەو" لە بەردەم بینای وەزارەتی پیشە و بازرگانیی تاران، کرێکارانی بەشی فەننی ڕێگای ئاسنی قوم لە بەردەم بینای پارێزگای ئەو شارە و کۆمەڵێک لە کرێکارانی کانگای بەردی ئاسنی چادرملوو لە پارێزگای یەزد لە بەردەم بەڕێوەبەری کانگاکە، بەڕێوە چوو.

لەلایەکی دیکەوە کرێکارانی کۆمپانیای جەهان پارس لە پێترۆشیمیی سەدەف، بە ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر کەمیی حەقدەستەکانیان، مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند.