کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: سپای پاسداران کەشتییە بازرگانییەکانی کردووەتە بنکەی تێرۆریستی

10:32 - 2 جۆزەردان 2723

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە نیشاندانی وێنەگەلێک لە کەشتییەکانی کۆماری ئیسلامی وتی: سپای پاسداران کەشتییە بازرگانییەکانی بە جێگیرکردنی چەکوچۆڵ و دڕۆن کردووەتە کەشتیی سەربازی و بنکەی تێرۆریستی لەسەر ئاو.

یووئاوا گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ڕێوەڕەسمێکدا لە زانکۆیەک لە شاری هێرتزلیا، سەرەڕای نیشاندانی وێنەگەلێک لە ٥ کەشتیی ئێرانی بە ناوەکانی "سیاوەشی، ڕوودەکی، مەکران، مەهدەوی و باقری" وتی: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەو کەشتییە بازرگانیگەلە چەکوچۆڵ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جێگیر کردووە و ئەو کەشتییانەی کردووەتە بنکەیەکی تێرۆریستی.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە وتی: لەو کاتەوە کە من وەکوو وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دیاری کراوم، هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە دوو هێندە زیادی کردووە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە درێژەدا وتیشی: ڕێژیمی ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەقامگیری و ئاسایش و ئەمنییەتی ناوچەکە و جیهان و دەیهەوێت شەڕێکی درێژخایەن دژی ئیسرائیل وەڕێ ‌بخات.

ناوبراو لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران وتی: ئەگەر ڕێژیمی ئێران، بڕیاری پیتاندنی ئورانیۆم بە ڕێژەی ٩٠ لەسەد بدات، ئەوە تووشی باجێکی زۆر قورس دەبێتەوە و دەبێ خۆی بۆ هێرشێکی سەربازیی قورس ئامادە بکات.

جێگەی ئاماژەیە کە بەرپرسانی ئیسرائیلی بەردەوام لەسەر ئەوە جەختیان کردووەتەوە کە بۆ پێشگرتن لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی، تەنانەت ئەگەر بە تەنیاش بێت هێرشی سەربازی دەکەینە سەر بنکە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە.