کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەقز؛ بەردەوامیی مه‌ترسییەکانی‌ سەر کێوی‌ مێژوویی و گەشتیاریی باڵوقایە

10:53 - 2 جۆزەردان 2723

سەرەڕای ناڕەزایەتیی خەڵک و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان سەبارەت بە لێدانی کانگای بەرد لە کێوی مێژوویی ''باڵوقایە'' لە سەقز لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، مەترسییەکان لەسەر لەنێوچوونی ئەو کێوە هەروا بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندەی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، دوای ناڕەزایەتی دەربڕین لەلایەن ژینگەپارێزانی سەقز و ناوچەکە، خەڵکی ئاواییەکانی دەوروبەر، شاخەوانان و فەرمانداری هاتە سەرهێڵ و بە فەرمی ڕایانگەیاند کە وەگەڕخرانی کانگای بەرد لە کێوی باڵوقایە پەک دەخرێت، بەڵام دوای چەند ڕۆژ، دیسان دەزگا و بێڵ میکانیکییەکان دەستیان بەکار کردەوە و دەرکەوت کە فەرمانداری ڕێژیم لەگەڵ خەڵک درۆی کردووە.

دوای ئاگاداربوونەوەی خەڵک، تێکهەڵچوونێک لەنێوان خەڵک و کاربەدەستانی کانگای بەرد لەو کێوە ڕوویدا و و دواتر خاوەن کارەکە سکاڵای بۆ سەر چوار کەس تۆمار کرد.

هەتا ئێستاش دامودەزگاکانیان وەک بێڵ میکانیکی هەر لەو کێوە جێگیرن و چۆڵیان نەکردووە و ئەگەری لەنێوچوونی ئەو شوێنە مێژووییە زۆرە و نیگەرانیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

خەڵکی سەقز و گوندەکانی نزیک کێوی باڵوقایە، هۆشدارییان داوە کە لە ئەگەری وڵامنەدانەوەی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم و ئەگەری دەستپێکردنی دەرهێنانی بەرد لەو کێوە، بە جیدییەتەوە ڕووبەڕووی دامەزراوەکانی دەرهێنانی بەرد لەو کێوە دەبنەوە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕ، بەپێی ڕاگەیەندراوی پێشوو لەلایەن ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز، خەڵکی ئاواییەکانی دەوروبەری باڵوقایە، بەشێکی زۆر لە شاخەوانان و کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەپارێزییەکانی سەقز و دەوروبەر و کۆمەڵێک لە خەڵکی سەقز لە کێوی باڵوقایە کۆ بوونەوە و دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەو هەوڵە تێکدەرانەی ڕێژیم ڕاگەیاند و لەسەر پاراستنی ژینگەی کوردستان پێداگرییان کردەوە.

ئەشکەوتی مێژوویی''باڵوقایە'' کە لە دڵی کێودا هەڵکەوتووە، ژینگەی گیانلەبەرێکی زۆرە، ئەم ئەشکەوتە بووەتە شوێنی گەشتیاری و شاخەوانی و هەموو ساڵێک گەشتیار و شاخەوانێکی زۆر سەردانی دەکەن.

هەروەها قەڵای باڵوقایە لەو کێوە وێڕای ئەوەیکە ئاسەوارێکی دەگمەنە و  هێشتا بە تەواوی نەناسراوە، وەک سامانی نەتەوەیی چاوی لێ دەکرێت. بۆیە خەڵکی ناوچەکە و ژینگەپارێزان بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن پێش بە تێکدانی ئەو کێوە بگرن.