کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی داگیرکردنی زەوییەکانی خەڵک لە بانە قووڵتر بووەتەوە

12:28 - 2 جۆزەردان 2723

مافیاکانی زەوی لە بانە بە هاوکاریی ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە، کە ماوەیەکی زۆرە دەیانهەوێت دەست بەسەر زەوییەکانی خەڵکدا بگرن، بەڵام خەڵک بە هەموو شێوەیەک بەرەوڕوویان بوونەتەوە و ئەم کێشەیەش هەروا قووڵتر دەبێتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، خەڵکی شارەکی قورعانی بانە لە ڕێپێوانێکی هێمنانەدا، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە هەوڵەکانی فەرمانداری ڕێژیم لە بانە و خۆفرۆشانی خۆجێیی ئەو شارە دەربڕی کە دەیانەوێت دەست بەسەر مڵک و ماڵەکانیاندا بگرن.

مافیاکانی زەوی لە بانە بە هاوکاریی فەرمانداری و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم، سەرەڕای بەرنگاربوونەوەی خاوەن زەوییەکان، دەیانهەوێت ئەو زەوییانە لە خەڵک داگیر بکەن و خەڵک بۆ پێشگرتن لە داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن فەرمانداری ڕێژیمەوە، زەوییەکانیان خەندەقبەندی و سەنگەربەندی کردووە و ڕێگە نادەن زەوییەکانیان بکەوێتە بەردەست ئەو ناوەندەی ڕێژیمەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەو کێشەیە هەروا قوڵتر دەبێتەوە و لەم ڕۆژانەدا ژمارەیەک لە خاوەن زەوییەکانیان بۆ "شۆرای حەل ئیختلاف" بانگ کردووە.

مافیاکانی زەوی لە بانە بە هاوکاریی فەرمانداری ڕێژیم لەو شارە، دەیانەوێت دەست بەسەر زەویی ٧٠٠ ماڵدا بگرن.

پێشتریش هاووڵاتییانی بانەیی ڕووبەڕووی پەلاماری دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم ببوونەوە کە لەلایەن فەرماندارەوە بۆ دەسبەسەرداگرتنی زەوی و مڵکی خەڵک نێردرابوون.

ئەو هاووڵاتییانە ڕایانگەیاندووە کە بە هەموو شێوەیەک لەسەر مڵکی خۆیان شەڕ دەکەن و دەڵێن: "مڵکی خۆمان، شەرەفی خۆمانە و دەیپارێزین و ئیزن نادەین کە مڵک و ماڵمان لەلایەن مافیاکانەوە دەستی بەسەردا بگیردرێت."

شایانی باسە کە تا ئێستا چەندین جێگە و مڵک لەلایەن جاش و دەستوپێوەندییەکانی ڕیژیم  لە بانە داگیر کراون.