کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا

09:47 - 13 بانەمەڕ 2723

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی "جەماڵ عەلیزادە، عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد و حاسڵ قەدۆ" کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژینا"دا دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سەرجەم سزای ١١ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە ماوەی ڕابردوودا لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو"، سەرجەم سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەر سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی جەماڵ عەلیزادە، عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد و حاسڵ قەدۆ سەپاند.

دادگاییکردنی عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد ناسراو بە دوکتور و حاسڵ قەدۆ لە ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری مەهاباد بەڕێوە چوو کە لەو دادگاییکردنەدا ئەو دوو هاووڵاتییە هەر کامەیان بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ دژی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی"، سزای سێ ساڵ و حەوت مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" سزای هەشت مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها لە ٢٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، دادگاییکردنی جەماڵ عەلیزادە بەڕێوە چوو کە لەو دادگایەدا ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هاوکاریی ڕاگەیاندنە بیانییەکان"، دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

جەماڵ عەلیزادە ڕۆژی سێشەممە ٢۶ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ماڵی خۆی و لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، پاش چوار مانگ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

حاسڵ قەدۆ و عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە شاری پیرانشار دەسبەسەر کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی ١٣ی ڕێبەندانی ۱۴۰۱، بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

شایانی باسە کە عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد پێشتریش لەلایەن دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە پیرانشار بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی گشتی" سزای ١٨ مانگ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچی، هەروەها ساڵح قەدۆ بە هەمان تۆمەت سزای ٤ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچییان بەسەردا سەپێندرابوو.