کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی خوێندکارانی چەندین زانکۆ لە ناڕەزایەتی بە شەپۆلی نوێی بانگکردن و هەڵپەساردنەکان

17:37 - 2 جۆزەردان 2723

کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی دروونناسی و زانستی پەروەردەیی زانکۆی تاران، ڕۆژی دووشەممە ١ی جۆزەردان، لە ناڕەزایەتی بە قەدەغەبوونی چوونە ژووری چەند خوێندکاری ناڕازی و شەپۆلی نوێی بانگکردن، هەڵپەساردن و بێبەشکردن لە خوێندن، مانیان گرت.

بەپێی هەواڵی کاناڵی تێلێگرامی ''شۆرای سێنفیی خوێندکاران''، لە ڕەوتی مانگرتنی ڕۆژی دووشەممەی خوێندکارانی زانکۆی دروونناسی و زانستی پەروەردەیی زانکۆی تاران، 'هێزەکانی حەراسەتی بە هەڕەشە و هەڵسوکەوتی هەڕەشەئامێز هەوڵیان دا بڵاوە بەو ئەو کۆبوونەوەیە بکەن.

هاوکات ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی ''بەهەشتی'' بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە شەپۆلی ئێعدامەکان، بانگی کۆمیتەی ئینزباتی و پۆلیسی ئەمنییەت کران و لانیکەم ٣٥ خوێندکاری زانکۆی ئەلزەهرا بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی حیجابی زۆرەملێ لە خوێندن هەڵپەسێردران.

هەروەها دوابەدوای ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێز دژی هێرشی کیمیایی سەر قوتابخانەکان لە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١، سزای قورس بۆ هەشت کەسیان دەر کرا. بەپێی حوکمە ئینزباتییەکان، ئەم هەشت خوێندکارە ساڵێک بۆ دوو ساڵ لە خوێندن بێبەش کراون یان بۆ شارەکانی ئەهواز، سمنان، کاشان، ورمێ و ئەردەبیل دوور خراونەتەوە.

خوێندکارانی ناڕازی ڕایانگەیاندووە، هەتا کاتێک بەرپرسانی زانکۆ، حەراسەت و کۆمیتەی ئینزاباتی، هەوڵە سەرکوتکەرەکانی دژی خوێندکاران ڕانەگرن، خوێندکاران درێژە بە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دەدەن.

لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا لە سەرانسەری ئێران دژی کۆماری ئیسلامی، زانکۆ و قوتابخانەکان یەکێک لە ناوەندەکانی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیم بوون و ناڕەزایەتییەکان ئێستاش لە زانکۆکان بەردەوامە.